دەزگای ئاسایشی هەرێم: ئەوانەی هێرشیان كردە سەر پاسەوانەكانی زیاد جەبار، دەستگیر كراون
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "ئەوانەی هێرشیان كردووەتە سەر پاسەوانەكانی زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتی، سەرجەمیان دەستگیر كراون".
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٦-٠٤-٢٠٢٥، لە كاتێكدا زیاد جەبار، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتی، كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دەدا، لەنێوان هێزێكی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش و پاسەوانەكانی ئەودا گرژی دروست بوو و دواتر شەڕە بۆكس و شەق لەنێوانیان ڕووی دا، هێزەکەی ئاسایش هێرشی توندیان کردە سەر پاسەوانەکانی زیاد جەبار.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشیی هەرێم، لە روونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێنراوە و ئەوانەی سەرپێچی یاساییان كردووە، سەرجەمیان دەستگیر كراون".
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم جەخت دەكاتەوە "سەرجەم ئەوانەی كە هێرشیان كردووەتە سەر پاسەوانەكانی زیاد جەبار، ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتە بەر".
شەڕی نێوان هێزەكەی ئاسایش و پاسەوانەكانی زیاد جەبار لەوەوە سەری هەڵدا كە، لە كاتێكدا لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دەدا، هێزەكەی ئاسایش دەیانویست لەو شوێنەوە تێپەڕن و هۆڕین و ژاوەژاویان دروست كرد. هەرچەندە زیاد جەبار ڕێڕەوەكەی بۆ هێزەی ئاسایش چۆڵ كرد، بەڵام هەر شەڕ و گرژی دروست بوو.