نەوەی نوێ: دەرگامان کراوەیە بە ڕووی سەرجەم لایەنەکان بۆ بەستنی هاوپەیمانیی جگە لە پارتی و یەکێتی
پەرەگراف
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هێڵی سووریان لەسەر هیچ کەس و لایەنێکی دەرەوەی دەسەڵات نییە بۆ کاری هاوبەش و دەرگایان کراوەیە بە ڕووی سەرجەم لایەنەکاندا جگە لە پارتی و یەکێتی.
ئەو هەڵوێستە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان ڕاگەیەندرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نەوەی نوێ کە بۆ پەرەگراف نێردراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهات و گۆڕانکاریەکانی عێراق و ناوچەکەو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوەو تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان لە هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
"سەبارەت بەو بابەتە جگە لە وەرگرتنی بیروڕای هەموو ئەندامانی هەردوو فراکسیۆنەکە، هاوکات بەکۆی دەنگ بڕیاردرا کە دەرگای نەوەی نوێ بەڕووی هەموو لایەنەکاندا (جگە لە پارتی و یەکێتی) کراوە بێت بۆ هەر کارێکی هاوبەش و هاوپەیمانی، نەوەی نوێ هێڵی سووری لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، جگە لە پارتی و یەکێتی و ئەو گروپانە نەبێت کە سەر بە دوو حزبی دەسەڵاتن" نەوەی نوێ وادەڵێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ بۆ حیزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان کردووەتەوەو تا 4ی ئایار بەردەوام دەبێت.