پەرەگراف
کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆی بزووتنەوەی گۆڕان(ئاڕاستەی کوردسات) ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی تەواو نەکرد، 435 کەس ئامادەبوون لە هۆڵی کۆنفرانس لەکاتێکدا ڕێژەی یاسایی پێویستی بە 1063کەسە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە.
نوێنەرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە کۆنفرانسەکەی ئەمڕۆ ئامادەبوون و دوای تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی هۆڵەکەیان بەجێهێشت و راپۆرتی خۆیان بۆ ئەنجومەنی كۆمسیارانی کۆمسیۆن بەرزدەکەنەوە.
هەردوو ئاڕاستەکەی گۆڕان یەک کۆنفرانسیان دەبێت و ئاڕاستەی گردی زەرگەتەش بۆیان هەبوو ئەمڕۆ بەشداربن، بەڵام تەنها چەند کەسێکیان بەشدارییان کردو وەک خۆیان دەڵێن بۆ چاودێریی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لەوێ بوون، ئەوان داوا دەکەن کۆمسیۆن ئەو کۆنفرانسە بە فەرمی وەربگرێت و هەژماری بکات کە ٥ی ئەم مانگە لە گردی زەرگەتە بەسترا، بەڵام کۆمسیۆن ئامادەی ئەو کۆنفرانسە نەبوو و دانی پێدا نانێت.
گۆڕان پێویستە کۆنفرانسی دامەزراندن گرێبدات بۆئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشداریی بکات کە بڕیارە ١١-١١ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هاوکات لەبەرئەوەی کۆنفرانسەکە کۆنفرانسی دامەزراندنە مەرجە ئەو کەسانە بەشداریی تێدا بکەن کە ئەندامی دەستەی گشتی بزووتنەوەکەن، دەستەی گشتی ئەو ٢ هەزار ناوەن کە ٢٠١٧ ئیمزایان کردوە بۆ دامەزراندنی گۆڕان لە عێراق.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لەو ئەندامانەی دەستەی گشتی گۆڕانیان پێکدەهێنا، وازیان لە بزووتنەوەکە هێناوەو هەندێکیان چوونەتەناو حیزبەکانی دیکە.