دەمپارتی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان دەکات

24-04-2025 03:29

پەرەگراف

دەمپارتی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان دەکات و داواکارییەکەی ئاراستەی وەزیری دادی تورکیا کرد. ڕایشیدەگەیەنێت "لەوبارەیەوە لە داهاتوودا دەتوانین هەندێک بەرەوپێشچوون ببینین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-04-2025، شاندی دەمپارتی سەردانی یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیای کرد و دەربارەی پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆیان کرد.

گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی)، وتی "بە وەزیری دادمان ڕاگەیاند کە بەڕێز ئۆجەلان لەژێر دۆخی گۆشەگیریدا ناتوانێت بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات".

هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی جەختی کردەوە کە "دۆخی ئۆجەلان گرنگترین پرسە بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە، ئەم دۆخە دەبێت بەبێ هیچ پاساوێک هەنگاوی بۆ بنرێت".

گوڵستان کلچ کۆچیگیت ڕایگەیاند "کێشەی جیددی لە سیستەمی دادوەری و دادپەروەری لە تورکیا هەیە و دەرفەت ڕەخسا  ڕەخسا بەشێوەیەکی فراوان گفتوگۆی لەسەر بکەین".

"یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان زیندانیکراوە نەخۆشەکانن، دەزانین ئەم دۆخە نە مرۆیی و نە یاساییە. بۆچوونی خۆمان لەوبارەوە خستە ڕوو و داواکاریمان بۆ بەزوویی ئازادکردنیان پێشکەش بە وەزیری داد کرد"، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی وا دەڵێت.