بافڵ تاڵەبانی: هاوڕاین لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، هاوڕاین لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 11-11 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی.
سەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ئامادەبوون و بافڵ تاڵەبانی جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی یەکێتی، تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانی و رۆڵی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕیوە کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا پشتیوانی گەلی کورد بوون و هاوکاریی و پشتگیرییە بەردەوامەکانیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند، وتی "ئێمە قەت دۆستەکانمان لەبیرناکەین کە لەگەڵمانن و جێمانناهێڵن".
"لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تاوەکو کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات" ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کراوەتەوە لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند "یەکگرتوویی کورد و پشتگیریی کردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە هانی هەموولایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن ئەمەش رێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".