بافڵ تاڵەبانی: لەم هەڵبژاردنەدا یارمەتیمان بدەن با نەیارەكانمان بدەین بە ئەرزا

23-04-2025 05:17

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "ئەو هەڤاڵانەی ئێستا بێتاقەتن، خوێنیان هەر سەوزە، كە ئێمە وەعەكەمان باش كرد، ڕەنگە بگەڕێنەوە، ئەركی ئێمەیە بیانخەینە سەر سەرمان".

سەرۆكی یەكێتی لە دووەم دیداری حیزبەكەی كە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دەستی پێ‌ كرد، پەیامی ئاراستەی سەركردە و كادیرە نیگەرانەكانی یەكێتی كرد و وتی "لەم هەڵبژاردنەی دێتەوە یارمەتیمان بدەن، بۆ ئەوەی نەیارەكانمان بدەین بە ئەرزا".

بافڵ تاڵەبانی بەبێ‌ ناوهێنانیش وتی "یەكێك لە هەڤاڵە عەزیزەكانمان چووە لە سەری ڕەش لەگەڵ كاك مەسعود كۆبووتەوە، من دەستخۆشی لێ دەكەم". هاوكات وتی "لە هەمان كاتدا سەرۆككۆماری عێراق لێرە وەسفی مام جەلالی كرد".

"زۆر ئاساییە ڕەئی جیاواز لەناو ئەم حزبەدا هەبێت، بەڵام نابێت دەرگاكەمان دابخەینن، ئێمە لە چەكی داعش و سەدام و توركیا نەترساوین، ئێستا لە قسە دەترسین؟!"، سەرۆكی یەكێتی وای وت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣-٠٤-٢٠٢٥، دووەم دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شارى سلێمانى دەستى پێ کرد کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانجی دیدارەکە "وەرگرتنی ڕا و سەرنجی ئەندامانە بۆ چاکسازی و خۆنوێکردنەوەی حیزبی".

دیدارەکە بە سەرپەرشتيی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسيی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەڕێوە دەچێت. تاڵەبانی لە وتارێکدا جەختی لە گرنگیي گفتوگۆی ناوخۆیی و چاکسازی کردەوە. وتیشی "هەندێک لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنمان جێبەجێ کردووە، یەکێک لەو بەڵێنانە کۆتاییهێنانە بە تاکڕەویی".

"یەکێکی تر لە بەڵێنەکانمان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی بوو، بۆیە ئێستا یەکێتی چووەتە گفتوگۆوە بۆ پێکهێنانی حکومەت"، قوباد تاڵەبانى واى وت.

لە کاتێکدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ کێشەیەک لە ئاستی سەرەوەدا نییە"، دانی بەوەدا نا کە "هەندێک کێشە لە ئاستی خوارەوە" لەناو حزبەکەدا هەیە.

چاوەڕوان دەکرێت لەم دیدارەدا کۆمەڵێک پێشنیار بۆ گۆڕانکاریی ناوخۆیی لە یەکێتیدا گەڵاڵە بکرێن و دواتر پەسەند بکرێن.