پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا هەنگاوێكی دیكەی نا

26-11-2020 03:37

پەرەگراف

پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم "بە فەرمی" ڕادەستی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا. پرۆژەكە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردەوە سەرپەرشتی دەكرێت و زیاتر لە 100 واژووی پەرلەمانتاران بۆ پاڵپشتیكردنی كۆكراوەتەوە. ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش پرۆژەكە بە "هەوڵێكی نەزۆك" وەسف دەكات و پێی وایە "سەر ناگرێت".

چوار پەرلەمانتاری كورد لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن "نوێنەرانی ئەو پەرلەمانتارانەی واژوویان لەسەر پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران كردووە، بە مەبەستی تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانی پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووینەوە".

لە كۆبوونەوەكەدا "بە فەرمی پرۆژەكە ڕادەستی د. هەیسەم جبووری، سەرۆكی لیژنەی دارایی و هەریەك لە ئەحمەد حاجی ڕەشید، هۆشیار عەبدوڵڵا و د. جەمال كۆچەر، ئەندامانی لیژنەكە كرا، تا ڕێكارە یاساییەكانی تەواو بكرێت".

ئەو چوار ئەندامە كوردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە پێكهاتوون لە ڕێبوار كەریم، غالب محەممەد، یوسرا ڕەجەب و سەركەوت شەمسەدین، دەڵێن "هەوڵەكانمان بۆ چارەسەر كردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بەردەوام دەبن".

ڕۆژی 18-6-2020، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد پرۆژەی" گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر حكوومەتی عێراقی فیدراڵ"یان ڕاگەیاند.

دواتریش لە 27-10-2020 نوسراوێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كرد. وەكو خۆیان دەڵێن "117 ئەندامی پەرلەمان" واژوویان لەسەر پرۆژەكە كردووە و"پاڵپشتییەكانیش بەردەوام لە زیادبووندان".

ئەو پەرلەمانتارانە لە پرۆژەكەدا داوا دەكەن كە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان "ڕاستەوخۆ لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و لە ڕێی هەژمارێكی بانكی"یەوە بێت.

هۆكاری ئامادەكردنی پرۆژەیەكی لەو جۆرەیشیان بۆ "بەردەوامیی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، گەندەڵیی بێشووماری سەرچاوەكانی داهات، دواخستن و لێبڕینی بەردەوامی مووچەی فەرمانبەران و خواستی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچەكانیان ڕاستەوخۆ لە حكوومەتی عێراقەوە" گەڕاندووەتەوە.

چوار پەرلەمانتارەكە دەڵێن "لە ڕێی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و تیمە تایبەتەكانی خۆمانەوە، توانیومانە 157422 واژووی پشتگیری كۆ بكەینەوە، كە بە ڕێژەی 61.4% لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و 38.6% لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بووە".

پاش ئەوەی پرۆژەكە ڕادەستی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا، هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی، لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، دەڵێت "بڕیار وایە لە پرۆژەیاسای موازنەی ۲٠۲۱ بە ڕێكاری یاسایی و دەستووری كاری جیددی بۆ بكەین".

ئەو پەرلەماتارە پێی وایە "پرۆژەیەكیی فراوانە و دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی سەرتاسەری عێراق لە ڕووی چەندێتیی مووچە و چۆنێتیی دابەشكردنی یەك بخرێت".

سەبارەت بە پرۆژەكە، بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ پیشاندانی پشتیوانیی خۆی بۆ "هەموو هەوڵێكی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان"، بەڵام پێی وایە ئەم پرۆژەیە "هەوڵێكی نەزۆكە و سەر ناگرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ژمارەیەك پاساوی بۆ سەرنەگرتنی پرۆژەكە هێناوەتەوە، لەنێویاندا ئەوەی كە "بە پێی ماددەكانی ١١٧ و ١٢١ ی دەستوور، بابەتی مووچە كاری حكوومەتی هەرێمە".

هەروەها دەڵێت "ئەم بابەتە لەبەرئەوەی بابەتێكی داراییە، پەرلەمان ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندیی حكوومەت بڕیاری لێ بدات، واتە دەبێ حكوومەت ڕازی بێت بەم هەنگاوە، ئایا حكوومەتی مەركەزی لەم كاتی قەیرانە داراییەدا ڕازی دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكات بەبێ هیچ موقابیلێك لە حكوومەتی هەرێمەوە؟".

بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە "حكوومەت ئامادەی كارێكی لەو جۆرە نییە، چونكە لە لایەك بڕی پارەكە زۆرە ناتوانێت بەبێ تەسلیمكردنی داهاتی هەرێم ئەو خەرجییە لەخۆی بگرێت، لە لایەكی تریشەوە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ماددەی ٧ی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییە كە ئەنجامدەرەكەی تووشی سزای یاسایی دەكات".

"حكوومەتی مەركەزی تەعامول لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دەكات لەو بابەتەدا، دڵنیام حكوومەتی هەرێم بە هەنگاوێكی لەو جۆرە ڕازی نابێت"، بەهار مەحموود وا دەڵێت.

بە بۆچی بەهار مەحموود "باشترین و ڕاستترین هەنگاو، فشار كردنە لەسەر حكوومەتی هەرێم تا داهاتەكان بە پێی یاساكە تەسلیم بكات و لەگەڵ حكوومەتی مەركەزی ڕێككەوتن بكات، تا ببێتە سەرەتایەك بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢.٢١".