یەکێتی دووەم دیداری دەستپێکرد بە ئامانجی چاکسازی و نوێبوونەوە

23-04-2025 01:19

پەرەگراف

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ دووەم دیداری دەستپێکرد کە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانجی دیدارەکە وەرگرتنی ڕاوسەرنجی ئەندامانە بۆ چاکسازیی و خۆنوێکردنەوەی حیزبیی.

دیدارەکە بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت، تاڵەبانی لە وتارێکدا جەختی لە گرنگی گفتوگۆی ناوخۆیی و چاکسازی کردەوە، وتیشی "هەندێک لە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنمان جێبەجێ کردووە، یەکێک لەو بەڵێنانە کۆتاییهێنانە بە تاکڕەویی" وتیشی " یەکێکی تر لە بەڵێنەکانمان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی بوو، بۆیە ئێستا یەکێتی چووەتە گفتوگۆوە بۆ پێکهێنانی حکومەت".

لە کاتێکدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ کێشەیەک لە ئاستی سەرەوەدا نییە"، دانی بەوەدانا کە "هەندێک کێشە لە ئاستی خوارەوە" لەناو حزبەکەدا هەیە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە دیدارەکە دەرفەتێکە بۆ گفتوگۆی ڕەخنەگرانە، ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیان پێداچوونەوە و وردبینیکردنە لەسەر هەموو ئەو ڕاسپارد و پێشنیارانەی کە پێیان گەیشتووە بەمەبەستی بوژاندنەوەی حیزب و دانانی ڕێگایەکی ڕوون بۆ قۆناغی داهاتوو.

چاوەڕوان دەکرێت لەم دیدارەدا کۆمەڵێک پێشنیار بۆ گۆڕانکاریی ناوخۆیی گەڵاڵە بکرێن و دواتر پەسەند بکرێن.