سوودانی: لویس ساكۆ تاكە كاندیدی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ شوێنگرتنەوەی پاپای كۆچكردوو
پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ (كاردیناڵ لویس ڕافایل ساكۆ، پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان) ڕاگەیاند، وەكوو "تاكە كاندید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شوێنگرتنەوەی پاپای كۆچكردووی ڤاتیكان".
سوودانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس، پێشنیازی دانانی لویس ساكۆ لەسەر "كورسیی پیرۆز لە ڤاتیكان"ـی بۆ ڕۆڵی ناوبراو لە "ئامادەبوونی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و لێبوردەیی" گەڕاندووەتەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت "وڵاتەكەمان یەكێكە لەو شوێنانەی كە كریستیانەكان بە درێژایی مێژوو بە برایەتی لەگەڵ ئایینەكانی دیكەدا ژیاون، ئەمڕۆ شوێنكەوتووانی هەموو كڵێساكان لەخۆ دەگرێت، بەو خۆشەویستی و برایەتییەی نێوان باوەڕدارانی باوەڕە جیاوازەكان نوێنەرایەتی دەكات".
بەیانیی ڕۆژی دووشەممە 21-04-2025، پاپا فرانسیس، پاپا ڤاتیكان، لە تەمەنی 88 ساڵیدا گیانی لەدەست دا. ڤاتیكان بە فەرمی ڕایگەیاند، پاپا فرانسیس بەهۆی "جەڵتەی مێشك و سستبوونی دڵ"ـەوە گیانی لەدەست داوە.
پاپا فرانسیس لە 17-12-1936 لە وڵاتی ئەرجەنتین لەدایك بووە. فرانسیس یەكەمین كەسایەتیی كریستیانی ئەمریكای لاتینی بوو كە وەك ڕێبەری كاسۆلیكەكانی جیھان ھەڵبژێردرا. لە ساڵی 2013 تا 2025 ڕێبەری كڵێسای كاسۆلیك لە ڤاتیكان بوو.
كاردیناڵ لویس ڕافایل ساكۆ، پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان. ساڵی 1948 لە شاری زاخۆی هەرێمی كوردستان لەدایك بووە. بڕوانامەی ماستەری لە فیقهی ئیسلامیدا و دوو بڕوانامەی دكتۆرای لە ڕۆما و پاریس بەدەست هێناوە. لە 01-02-2013 وەكوو پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان هەڵبژێردرا.