پەرەگراف
مەزڵووم عەبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٦ـى ئەم مانگە کۆنفرانسی "یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوا" دەبەستن.
فەرماندەى گشتیى هەسەدە خۆشحاڵیى خۆى لەوبارەیەشەوە دەردەبڕێت و دەڵێت "یەکێتى و یەکڕیزیى کورد، پێویستییەکی نەتەوەییە بۆ چارەسەرکردنی دۆزى گەلی کورد لە سووریا". داوایش لە هەموو لایەنە کوردستانییەکانی سووریا دەکات "بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی" خۆیان جێبەجێ بکەن.
هەر ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانى کۆنفرانسەکەى ڕاگەیاند و دەڵێت "کۆنفرانسەکە هەنگاوێکی گرنگ و پێویستییەکی سیاسییە بۆ خواست و ئاواتەکانی گەلی کورد لە سووریا".
ئەنەکەسە دەشڵێت "کۆنفرانسەکە بەرهەمی ئیرادەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هەوڵ و ماندووبوونی دڵسۆزانی خەباتکاری کوردە، بەتایبەت بە پشتگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی".
"هیواخوازین کۆنفرانسەکە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناغێکی نوێی هاوکاریی بونیاتنەر لەنێوان حیزبەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی و متمانە لەگەڵ خەڵکی کورد بەهێز بکات. هەروەها دەروازەی فراوانتر بۆ پەیوەندییە نیشتمانییە پتەوەکان لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بکاتەوە"، ئەنەکەسە وا دەڵێت.