مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جەخت لە پابەندبوون بە ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی دەکەنەوە

22-04-2025 10:00

پەرەگراف

لە ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پابەندبوون بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی دووپات دەکەنەوە.

ئەمڕۆ 127ـەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەريی کوردییە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا، دەڵێت "پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و کارئاسانیکردن بۆ ڕاگەیاندنکاران دووپات دەکەینەوە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەشڵێت "هیوادارم ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ئاستی گەورەیی و گرنگیی پیشەکەیاندا بن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست بگێڕن، هاوکار و یارمەتیدەری دەسەڵات بن بۆ پشتگیریی چاکسازی و نەهێشتنی هەڵە و کەموکورتییەکان".

هاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت، لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری رۆژنامەگەریی کوردیدا لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کە ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی.

"لە بەرامبەریشدا ئەرکی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان، پاراستنی ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی و هەنگاونانە بەرەو پیشەیی بوونی زیاتر" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.