پەرەگراف
ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیر کرا.
دیلان غەفور نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت، ڕاکان جبوری دۆسیەی زۆری لەسەرەو بەشێکیان ئێمە لە ڕابردوودا جوڵاندومانە، ئێستا بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیرکراوە لەوکاتەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک بووە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، یەکێکی دیکە لەو دۆسیەیانەی ڕاکان جبوری لەسەر دەستگیر کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ کاتی کۆرۆنا کە لەو کاتەدا تورکیا فڕۆکەیەک هاوکاریی گەیاندووەتە کەرکوک، بەڵام بە ڕێکاری فەرمی و ئیداریی وەرنەگیراوەو ڕوونیش نییە چۆن دابەشکراوە.
ساڵی 2019 پەرەگراف هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە كە دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ ڕاكان جبوری دەرچووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا كە یەكێكیان پەرلەمانتار دیلان غەفور لەسەری تۆمار كردبوو بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی.
ڕاکان جبوری لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ساڵی 2005 وەک جێگری پارێزگاری کەرکوک دەنگی پێدرا، لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیی گەڕایەوە بەهۆی دروستبوونی بۆشایی لە پۆستی پارێزگار، ڕاکان جبوری بوو بە پارێزگار بە وەکالەت.