سوپای توركیا لە سێ‌ ڕۆژدا 'زیاتر لە 95' بۆردومانی سنووری ئامێدیی كردووە

20-04-2025 04:04

پەرەگراف

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی CPT، لە ماوەی سێ‌ ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای توركیا زیاتر لە ٩٥ هێرش و بۆردومانی بۆ سەر چیا و گوندەكانی قەزای ئامێدی ئەنجام داوە. لە چیای ئاسۆسیش بڵاوكراوەی لە ڕێگەی فڕۆکەوە هەڵداوەتە خوارەوە و لەژێر پاساوی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا داوای خۆبەدەستەوەدانی لە گەریلاکانی پەکەکە کردووە.

سەرباری بەردەوامیی هەوڵە سیاسییەکانی ئاشتی لە تورکیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرش و بۆردومانەکانی بۆ سەر پەکەکە و گوند و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە، ڕۆژانە لە ڕێگەی تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانەوە دەیان هێرش ئەنجام دەدات.

نوێترین هێرشەکانی تورکیا بەیانی ئەمڕۆ بووە. کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراق ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت "لە كاتژمێر ١٠:٠٥ خولەك تاوەكو ١١:٢٠ خولەكی بەیانی ئەمڕۆ، تۆپخانەكانی سوپای توركیا، ٥٣ جار گوندەكانی (مژێ، كەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە، لە سنوری قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆك تۆپباران كردووە".

وەکوو کامەران عوسمان ئاماژەی پێ دەدات، ماوەی هەفتەیەكە سوپای توركیا هێرش و بۆردوومانەكانی بۆ سەر گوندەكانی بەری گارە چڕ كردووەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی سی پی تی، "لە كاتژمێر ٠٧:٥٠ خولەكی ئێوارەی دوێنێ، هەلیكۆپتەرەكانی سوپای توركیا بە چڕی هێرشیان كردە سەر گەلی مێوین، لە چیای مەتینا لە سنووری گوندەكانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی".

هەر شەوی ڕابردوو لە كاتژمێر ١٠:٣٢ خولەكدا، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا "پێنج جار" بۆردوومانی هەمان شوێنیان كردووە.

هەروەها لە كاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەكی ئێوارەی ١٨ـی ئەم مانگە، تۆپخانەكانی سوپای توركیا "١١ جار" تۆپبارانی (گەلی مێوین)یان لە چیای مەتینا لە گوندی بەلاڤەی ئامێدی كردووە.

دواتر لە هەمان ڕۆژدا و لە كاتژمێر ١١:٠٥ خولەكی شەودا، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بۆردوومانی هەمان شوێنیان كردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سی پی تی، هەر لە ڕۆژی ١٨-٠٤-٢٠٢٥، لە كاتژمێر ٠٢:١٥ خولەك تاوەكو ٠٣:٤٥ خولەكی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، تۆپخانەكانی سوپای توركیا "٢٧ جار" تۆپبارانی گوندەكانی (سپیندارێ، گرگاشی، مژێ و كەفنە مژێ)یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی كردووە.

لە هێرش بۆردومانە چڕەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەڵام زیانی ماددی و ترس و دڵەڕاوكێی زیاتری دروست كردووە.

لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانەكاندا، سوپای توركیا هەندێكك جار بڵاوكراوەیش لە ڕێگەی فڕۆكەوە لە سنووری بارەگاكانی پەكەكە هەڵ دەداتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێ‌ دەكات.

لە بڵاوكراوەیەكدا كە ڕێكخراوی سی پی تی دەڵێت لە ئێوارەی 18ـی ئەم مانگە لەلایەن فڕۆكەكانی سوپای توركیاوە بە درێژایی چیای ئاسۆس و لە دەووروبەری گوندەكانی (گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەروون) لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی هەڵ دراوەتە خوارەوە، لەژێر پاساوی بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدانان، داوای خۆبەدەستەوەدان لە گەریلاكانی پەكەكە كراوە.

لە بڵاوككراوەكەدا هاتووە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخراوەكەی و چەكدانانی كرد، بەدەم بانگەوازەكەیەوە وەرن".