پارتی داواكارییەكی یەكێتیی جێبەجێ‌ كرد؛ هەژماری منی گواستەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی

20-04-2025 03:22

پەرەگراف
بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پرۆژەی (هەژماری من) بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم، گوازرایەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی هەرێم. گواستنەوەی پرۆژەكە لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی، یەكێك لە داواكاییەكانی یەكێتی بوو لە چوارچێوەى گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت كە پارتی پێی ڕازی بووە.

لە فەرمانێكدا كە لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەیرانى هەرێمەوە دەركراوە و وێنەیەکى دەست پەرەگراف کەوتووە، هاتووە "بڕیار درا بە گواستنەوەى پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (هەژماری من) بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابوورى. وەزارەت سەرپشك دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەکە لەبەر ڕۆشنایى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەكانی بانكی ناوەندیی فیدراڵى".

ئومێد سەباح ئاماژەى بەوە داوە کە ئەم بڕیارە لەسەر فەرمانى سەرۆكی حكومەت دەرکراوە. هەروەها جەختی كردووەتەوە لەسەر جێبەجێكردنی فەرمانەكە لە سەرتاسەری هەرێم. دڵنیاییشى داوە كە لە پرۆژەكەدا "ئەژماری بانكیی مووچەخۆرانی پارێزراو دەبێت بەپێى هەمان یاسا و ڕێنمایى". دڵنیاییدان لەبارەی پارێزراویی پارەی مووچەخۆران لە ئەژمارەكانیاندا، داواكارییەكی دیكەی یەكێتی بووە لە پارتی.

دوێنێ شەممە ١٩-٠٤-٢٠٢٥، سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ پەرەگراف ئاشکراى کرد، پارتی داواكارییەكانی یەكێتیی لەبارەی (هەژماری من)ـەوە قبووڵ كردووە و هەردوو لا لەسەر پرۆژەكە ڕێككەوتن.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە کە ئاگادارى وردەکاریى کۆبوونەوەکانە، یەكەم داواكاریی یەكێتی ئەوە بووە كە "پرۆژەكە لە نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ئەوەی بە تەواوی ببێت بە پرۆژەی حكومەت".

داواكارییەكی دیكەی یەكێتی ئەوەیە كە "هیچ دەستكارییەكی پارەی مووچەخۆران لە هەژمارە بانكییەكانیاندا نەكرێت، بە نموونە: قەرزی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاری بەبێ‌ ڕەزامەندیی خۆیان لە مووچەكانیان نەبڕدرێت".

"یەكێتی جەختی كردووەتەوە، دەبێت دڵنیایی بدرێت بە مووچەخۆران كە بە هیچ شێوەیەك بەبێ‌ ڕەزامەندیی خۆیان دەستكاریی مووچەكانیان ناكرێت"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

"ڕێگەدان بە بەشداریكردنی بانكی دیكە لە پرۆژەی هەژماری من، پێدانی نوسخەیەكی دەقی گرێبەستەكانی نێوان حكومەت و بانكەكانی بەشدار لە پرۆژەکە بە یەكێتی"، دوو داواكاریی دیكەی یەكێتی بوون لەبارەی پرۆژەى هەژماری منەوە.

ئەم داواكارییانەی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە 17-04-2025ـی نێوان هەردوو لا لە سلێمانی، كە عەزیز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من (لە پشکى پارتى) تێیدا بەشدار بوو، گفتوگۆ و ڕێككەوتنی لەبارەوە كراوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، پارتی بەو چوار داواكارییەی یەكێتی ڕازی بووە. بە مەرجی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی یەكێتی، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دوای پێكهێنانی لە مانگەكانی داهاتوودا، دەستكراوە دەبێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی هەژماری من بە تەواوی لە سلێمانی و ناوچەكانی دیكەش.

سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد "ئەم دۆسیە یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە دەكرا ببێتە بەربەست لەبەردەم ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پێکهێنانى حکومەت، ئەگەر ڕێككەوتنی لەبارەوە نەكرایە".

سەرچاوەكە تیشكی خستە سەر ئەوەش، لە كۆبوونەوەكانی ماوەی ڕابردووی نێوان پارتی و یەكێتی، گفتوگۆی ئەوەش كراوە كە هەر پرۆژە و پرسێکى گرنگ پەیوەست بە حكومەت لە داهاتوودا بێتە ئاراوە، دەبێت پێكەوە "گفتوگۆی لەسەر بكەن و ڕەزامەندیی لەسەر بدەن".

تەنانەت یەکێتى و پارتى لە کۆبوونەوەکانیاندا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەى کە "هەر پرۆژەیەکى گرنگ و ستراتیژیش لە ڕابردوودا بڕیارى لەبارەوە درابێت یان گرێبەستى لەسەر کرابێت، ئەگەر بە پێویست بزانرێت، لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمدا دەهێنرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان هەردوو حیزب".

پرۆژەی هەژماری من بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە كە بیرۆكەكەی هی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت. پرۆژەکە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە نووسینگەى سەرۆکى حکومەتەوە. لە سەرتاسەری هەرێم نزیکەى "٧٥٠ هەزار" مووچەخۆر بەشدارییان تێدا كردووە، ئێستا "٢٧٥ هەزار" مووچەخۆر کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە و لە ڕێگەى ئەو پرۆژەیەوە مووچە وەردەگرن.

بەشێک لە مووچەخۆرانی سنووری ئیدارەی یەكێتی پڕۆژەكە ڕەت دەكەنەوە و داوای جێگیركردنی مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق دەكەن، وەکوو ئەوەى لە بڕیارى دادگاى فیدراڵیدا هاتووە.

ڕەتکردنەوەی هەژماری من بەشێک بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى، لە کاتى بانگەشەدا داوای لە مووچەخۆران کرد بەشداری لە پرۆژەکەدا نەکەن.

یەکێتى دواى هەڵبژاردنیش سکاڵاى دژى پرۆژەى هەژماری من لە دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا تۆمار کرد و سەرۆکى حیزبەکەش وتى "هەژمارى من نەماوە"، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنى دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت، یەکێتى وازى لە دژایەتیى پرۆژەکە هێنا و کردى بە بەشێک لە گفتوگۆکان تا لەسەرى ڕێککەوتن.