دووەم كۆبوونەوەی ئەمریكا و ئێران؛ 'گفتوگۆكان پێ‌ دەنێتە قۆناغێكی دیكە'

19-04-2025 04:13

پەرەگراف
پاش چوار كاتژمێر كۆبوونەوەی شاندەكانی ئەمریكا و ئێران لە ڕۆما، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستپێكردنی "قۆناغێكی دیكە"ـی دانوستان ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "سەركەوتوو بووین لەوەی دەربارەی هەندێك بنەما و ئامانج بە تێگەیشتنی باشتر بگەین".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆكی شاندی ئەو وڵاتە، پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی ئەمریكا، لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بۆ میدیای وڵاتەكەی ڕایگەیاند "كۆبوونەوەی ئەمجارەش باش بوو. دەتوانم بڵێم گفتوگۆكان بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە".

عێراقچی ئاشكرایشی كرد كە "بڕیار درا دانوستانەكان بەردەوام بێت و پێ‌ بنێتە قۆناغێكی دیكەوە كە كۆبوونەوەی شاندە هونەرییەكانە".

"چوارشەممەی ئایندە گفتوگۆی هونەری لەسەر ئاستی پسپۆڕان لە عومان دەست پێ‌ دەكات. ئەوان دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی بچنە ناو وردەكارییەكان و چوارچێوەیەك بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن دابڕێژن"، عەباس عێراقچی وای وت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایشیگەیاند "شەممەی ئایندە جارێكی دیكە ئێمە لە عومان كۆدەبینەوە و ئەنجامی كۆبوونەوەی شاندە هونەرییەکان هەڵدەسەنگێنین، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند لە بنەماكانی ڕێككەوتنەوە نزیكین".

ڕۆژى ١٢-٠٤-٢٠٢٥، گفتوگۆکانى نێوان ئەمریكا و ئێران لە مەسقەتى پایتەختى عومان دەستى پێ کرد. شاندی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی ئێران بە سەرۆكایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە یەك بینا و دوو ژووری جیاواز لە نزیكی یەكتر كۆبوونەوەیان ئەنجام دا.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "گفتوگۆكان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بووە و بەدر بوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان، پەیام و سەرنجەكانی هەردوو شاندی بە یەكتر گەیاندووە". لە کاتى جێهێشتنى شوێنى کۆبوونەوەکە، سەرۆكی هەردوو شاندەكە بە ئامادەیی وەزیری دەرەوەی عومان چەند خولەكێك قسەیان كردووە

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچەفەرمیی ئێرانی لە زاری ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری ئێرانەوە دەڵێت "كەشی گفتوگۆكان ئەرێنی بوو". هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە "عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتكۆف لە كەشێكی ئەرێنی و بونیادنەرانە و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە پێگەی هەردوو دەوڵەت، لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی عومان، گفتوگۆیان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران" كردووە.