دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە كەركووك تۆمار كرا

19-04-2025 10:20

پەرەگراف

دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە كەركووك تۆمار كرا. ئەو كەسەی گیانی لەدەست داوە، پەرستارێكی گەنجی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی فێركاریی كەركووكە.

تەندروستیی كەركووك وێنەی كارمەندەكەی بڵاو كردووەتەوە كە ناوی (یادگار نووری)یە و دەڵێت "لە كاتی ئەركی فەرمیدا تووشی تای خوێنەبەربوون بووبوو".

ئەمە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە بە تای خوێنبەربوون لە كەركووك، پاش ئەوەی پێنجشەممەی ڕابردوو 17-04-2025، هاووڵاتییەكی خەڵكی داقووق كە پیشەی قەسابی بوو، بە هەمان پەتا گیانی لەدەست دا.

تای خوێنبەربوون كە پەتایەكی كوشندەیە، لە كەركووك بڵاو بووەتەوە و تەندروستیی كەركووك هەڵمەتێكی هۆشیاری و گرتنبەری ڕێكاری تەندروستیی بۆ كۆنترۆڵكردنی دەست پێ‌ كردووە.

تای خوێنبەربوون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ و پاشان لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. ساڵانی ڕابردووش ئەو پەتایە لە عێراق و كوردستان بڵاو بووەتەوە و بەهۆیەوە چەندین كەس گیانیان لەدەست داوە.

ساڵى ٢٠٢٣ تووشبوون و گیانلەدەستدان بە تاى خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێم لە ئاستێکى بەرزدا بوو. وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە عێراقدا ٢٦٥ حاڵەتی ‏پشتڕاستكراوەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و لە هەرێم ١١ حاڵەت تۆمار كراون، لە ‏عێراق ٦٩ تووشبوو و لە هەرێم پێنج تووشبوو گیانیان لەدەست داوە".‏

نیشانەكانی تای خوێنبەربوون ئەوەیە؛ نەخۆشەكە تووشی تایەكی بەرز و ئازاری هەموو جەستەی دەبێت، بەتایبەت ئازار لە پشت و ملیدا، لەوانەشە نەخۆشەكە تووشی سكچوون و ڕشانەوە ببێت. لە قۆناغەكانی كۆتاییشدا خوێنبەربوون لە دەم و لووت و هەندێك جاریش لە چاو و گوێچكەیەوە دەست پێ دەكات.