ئەمریکا نیوەی هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کشاندەوە

19-04-2025 01:14

پەرەگراف

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سووریا بۆ "نیوە"ـی ئێستا کەم دەکەنەوە.

شۆن پارنێڵ، وتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکرای کرد، ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا بۆ "کەمتر لە هەزار" دادەبەزێنن. ئەو هەنگاوەشی بە  "نیشاندەری سەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش" وەسف کرد.

بەپێی هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی، کشانەوەی ئەو هێزانە دەستی پێ کردووە، بەڵام هێشتا دیار نییە بۆ کوێ دەگوازرێنەوە.

پێشتر میدیای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا ئسرائیلی لە "کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا بە چەند قۆناغێک و لە ماوەی دوو مانگدا" ئاگادار کردووەتەوە.

تا ئێستا ئەمریکا هیچ بڕیارێکی بۆ کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی لە سووریا ڕانەگەیاندووە، بەڵام ژمارەیان کە نزیکەی دوو هەزار سەرباز بوو، بە کشاندنەوەی نیوەی، ئێستا بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەم کراوەتەوە.

پێنتاگۆن دڵنیایی دەدات کە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت و دەڵێت "فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هاوشێوەی پێشتر، ئامادەیە بۆ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە سووریا".