هاوسەرۆکى دەمپارتى: بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ تەندروستیى سرى سورەیا ئۆندەر باشترە

17-04-2025 09:04

پەرەگراف

هاوسەرۆکى گشتیى دەمپارتى ڕایدەگەیەنێت "بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ دۆخى تەندروستیى سرى سورەیا ئۆندەر باشترە". تونجەر باکرهان دەشڵێت "لێدوانی پزیشکان و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانە بە بنەما بگرن، تکایە گوێ لە شرۆڤە و گریمانەی هەڵە مەگرن کە بۆ ڕایگشتی بڵاو دەکرێتەوە".

سری سورەیا ئۆندەر، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى تورکیا و ئەندامى شاندى دەمپارتى بۆ ئیمراڵى، دوو ڕۆژە لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتنگەیڵە لە ئیستەنبووڵ لەژێر چاودێریى وردى پزیشکیدایە و نەشتەرگەرییەکى گەورەى بۆ کراوە. پزیشکان دەڵێن "بەهۆى بەرزبوونەوەى فشارى خوێنەوە، شاخوێنبەرى دڵى پچڕاوە و جەڵتەى دڵ لێى داوە".

تونجەر باكرهان، هاوسەرۆکی گشتيی دەمپارتی، لەبەردەم نەخۆشخانەکەدا کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیى ئەنجام دا و سوپاسی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو لایەنەکانی تورکیاى کرد و وتى "هەموو گەل و باوەڕەکانی تورکیا، لە خەمی تەندروستیی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەردان".

هاوسەرۆکى گشتیى دەمپارتى، ئۆندەرى بە کەسێتییەکی "بەرخۆدەر" ناو برد کە "ساڵانێکە بۆ ئاشتی و دیموکراسی" تێکۆشاوە. وتیشى "زۆر زەحمەتی تێپەڕاند، دڵنیام ئەم ڕەوشەش تێدەپەڕێنێت. ئەو تێدەکۆشێت و بەرخۆدان دەکات، بەهیواین ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە ببێتە مایەی ئەوەی بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە ناومان".

تونجەر باکرهان بەهۆى ئەو پاڵپشتییەى بۆ ئۆندەر هەیە، ئەمڕۆى بە "ڕۆژێکی مێژوویی" وەسف کرد کە "گەلانی تورکیا یەکیان گرت بۆ پشتیوانی لە ئۆندە".

هەرچەندە سرى سورەیا ئۆندەر لە ژوورى چاودێریى چڕدایە لە نەخۆشخانە و بارى توندروستیى سەختە، بەڵام باکرهان ڕایگەیاند "پزیشەکەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ پێشکەوتن هەیە". جەختیشى کردەوە کە "نابێت کەس گومانی لەوە هەبێت کە ئۆندەر لە دەستێکی سەلامەت دایە".