پەرەگراف
سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، جۆرى گرێبەست و شایستەى کۆمپانیاکان کە لەگەڵ بەغدا بۆچوونى جیاوازیان لەبارەوە هەیە، هۆکارى دەستپێنەکردنەوەى هەناردەى نەوتن. ئاشکرایشى دەکات کە بۆ چارەسەرى کێشەکان، شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦-٠٤-٢٠٢٥، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لە کاتى بەشدارى لە پانێڵێکى دیدارى سلێمانى، وتى "بەهۆى ڕاگرتنى هەناردەى نەوتەوە، هەرێمى کوردستان زیاتر لە ٢٣ ملیار دینار زیانى کردووە و قەرەبوو نەکراوەتەوە".
سەبارەت بە لەمپەرەکانى بەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت، سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند "ڕەزامەندیى کۆمپانیا بیانییەکانى نەوتى هەرێم ماوە".
"جۆرى کارکردنى کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان، جیاوازە لە بەشەکانى ترى عێراق، ڕێزگرتن لەو جیاوازییە بەشێکى داواکاریى سەرەکیى کۆمپانیاکانە"، مەسرور بارزانى واى وت.
وەکوو سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئاماژەى پێ دا، دوو جاریش لە دادگاى عێراق سکاڵا تۆمار کراوە و "هەردوو جارەکە دادگا لە بەرژەوەندیى کۆمپانیاکان بڕیارى داوە".
مەسرور بارزانى داواکارییەکى دیکەى کۆمپانیاکانى بە "گەرەنتیکردن"ـى پێدانى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت ناو برد و لەوبارەیەوە وتى "لەسەر ئەمە ڕێککەوتن کراوە و بڕێک دیارى کراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".
سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئاشکرایشى کرد کە لە کۆتا کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە "تیمە تەکنیکییەکانى حکومەتى هەرێم بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و لەگەڵ وەزارەتى نەوت گفتوگۆ بکرێت و ئەو کێشانەى کە ماون چارەسەر بکرێن".