پەرەگراف
نێچیرڤان بارزانى جەخت لەسەر پێویستیى کارابوونى پەرلەمان لە "دۆخ و ئاڵنگارییەکانى ئێستاى ناوچەکەدا" دەکاتەوە و ڕایدەگەینێت "ئەرکى لەپێشینەى پارتى و یەکێتى و لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنە هەرچى زووترە کابینەى تازەى حکومەت پێک بهێنن". سەرۆکى هەرێم دەشڵێت "گۆڕانکاریى گەورەى جیۆپۆلەتیکى جیهانى گرتووەتەوە و سروشتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێت".
ئەمڕۆ ١٦-٠٤-٢٠٢٥، نۆیەمین دیدارى سلێمانى لە زانکۆى ئەمریکى بە بەشداریى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکوەزیرانى عێراق و چەندین بەرپرسى باڵا و کەسایەتیى دیکەى هەرێم و عێراق و بیانى دەستى پێ کرد. دیدارەکە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا گرنگترین پێشهات و ئاڵنگارییە سیاسى و ئابوورییەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان تاوتوێ دەکرێت.
نێچیڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە وتارێکدا وتى "ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکدایە کۆمەڵێک گۆڕانکاریى گەورەى جیۆپۆلەتیکى جیهانى گرتووەتەوە کە سروشتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێت و لەوانەیە گۆڕانکارى لە هەندێک هاوسەنگیى جیهانى و هەرێمیدا بکات".
سەرۆکى هەرێم جەختى کردەوە کە "شەڕ و ململانێ لە ئۆکرانیا و غەززە، فراوانبوونى کێبڕکێى ئابووریى زلهێزەکان، کاریگەرییان لەسەر ناوچەى ئێمەش دەبێت".
"جیهان ڕووبەڕووى ئاڵنگاریى هاوبەش دەبێـتەوە، بەتایبەتى لە بوارى گۆڕانکاریى ئاووهەوا کە مەترسى لەسەر ئاسایشى خۆراک و کۆچ و تیرۆر و چەندین مەترسیى دیکە دروست دەکات و هەڕەشە لە ئێستا و داهاتووى مرۆڤایەتى دەکەن"، نێچیرڤان بارزانى واى وت.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان جارێکى دیکە پرۆسەى ئاشتیى لە تورکیا بە "دەرفەتێکى مێژوویی" وەسف کرد و وتى "بە هەموو شێوەیەک پێشوازى و پشتیوانیى خۆمان بۆ سەرخستنى دووپات دەکەینەوە".
سەبارەت بە سووریاش ستایشى پێکەوەیى لایەنە کوردییەکانى کرد و ڕایگەیاند "پێویستە حکومەتى سووریا ڕەنگدانەوەى هەموو پێکهاتەکانى وڵاتەکە بێت بەبێ جیاوازى، هاوبەشى و مافى هەموان پارێزراو بێت".
نێچیرڤان بارزانى، هەوڵەکانى محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقى لە ماوەى ڕابردوو بە هۆکارى "پێشکەوتنى بەرچاو" لە چارەسەرکردنى پرسەکانى نێوان هەولێر و بەغدا ناو برد و وتى "ڕووانگەى سەرۆکوەزیران سوودانى لە بەهێزکردنى هاوبەشییەکان و کەمکردنەوەى ناکۆکییەکان، ڕووانگەیەکى ڕاستە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى عێراق".
هاوکات سەرۆکى هەرێم ڕایگەیاند "جەخت لەسەر جێبەجێکردنى خێراى یاساى گەڕاندنەوەى موڵکوماڵ و چالاکترکردنى لیژنەى جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ـى دەستوور دەکەمەوە".
"بەردەوام دەبین لە گفتوگۆى بونیادنەرانە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانى عێراق بکات و ماف و شایستەکانى هەموان دەستەبەر و مسۆگەر بکات"، سەرۆکى هەرێمى کوردستان واى وت.