پەرەگراف
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدراو بۆ ماوەیەک دواخرا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوورن لەسەر خستنەدەنگدانی پڕۆژەیاسای بەپارێزگا کردنی هەڵەبجە.
سۆران عومەر سەرۆکی فراکسیۆن کۆمەڵ بە پەرەگرافی وت، لە ئێستادا فراكسیۆنە كوردستانییەكان سەردانی فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە دەكەن بۆ ڕازیكردنیان بە بەشداری لە كۆبوونەوەكە و دەنگدان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە.
بۆ پێنجەم جار پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە خراوەتە ناو كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. هیچ گەرەنتییەك بۆ پەسەندكردنی وەرنەگیراوە و فراكسیۆنە كوردستانییەكان متمانەیان بە بەڵێنی شیعە و سوننە نییە، بەڵام بە چەند هۆكارێك "هیوا زۆرە" لەم دانیشتنەدا ئەگەر ئەنجام بدرێت خەونی هەڵەبجەییەكان بەدی بێت.
پاش چوار جار شكستپێهێنانی هەوڵەكانی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن شیعە و سوننەوە، فراكسیۆنە كوردستانییەكان كارتی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقیان بەكار هێنا و بڕیاریان دا بەبێ ئەو بڕگەیە نەچنە دانیشتنەكانەوە، بەوهۆیەشەوە چەند هەفتەیەكە دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكی كەوتووە.
هەرچەندە بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو دانیشتنی پەرلەمان بكرێت، بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنی فراكسیۆنەكان بەتایبەت بەهۆی بڕگەی بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە، دانیشتنەكە ئەنجام نەدرا، ئێستا بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوە بكرێت و پرۆژەكەی هەڵەبجەیش خراوەتە یەكەم بڕگە.