قوباد تاڵەبانی: هەوڵ دەدەین لە ماوەیەكی كورتدا لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەوین بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت
پەرەگراف
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، گەشبینە كە حكومەتی هەرێم هەوڵ دەدات "لە ماوەیەكی كورتدا" لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت. دەربارەی غازیش دەڵێت "ئەولەوییەتمان بەكارهێنانیەتی بۆ كارەبای ٢٤ كاتژمێری و غازی ماڵان و كارگەكان".
ئەمڕۆ 13-04-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا كۆبووەوەتە و لەبارەی "دوایین پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و چۆنیەتیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان و عێراق" گفتوگۆیان كردووە.
دەربارەی كێشەی نەوتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی دەڵێت "باسمان لەوە كرد كە حكومەتی هەرێم گەشبینە و هەوڵ دەدات لە ماوەیەكی كورتدا لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكرێت بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم".
سەبارەت بە غازیش، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "جەختمان كردەوە لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتمان بەكارهێنانی غازە بۆ دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری، هەروەها دابینكردنی غازی پێویست بۆ ماڵان و كارگە پیشەسازییەكان".
تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان، پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بووە، قوباد تاڵەبانی دەڵێـت "ڕوونمان كردەوە هەموو هەوڵێكمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و بەهێز و یەكگرتووە، كە لە ئاستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكدا بێت و بشتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەكەدا، ئاسایش و سەقامگیریی كوردستان بە باشی بپارێزێت".
ڕۆژى 10ـى ئەم مانگەیش لە كاتی بەشداری لە پانێڵێكی كۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە یۆنان، قوباد تاڵەبانى وتى "هەموان لە ئەورووپا خۆشحاڵ دەبن كە غازی كوردی ببێت بە بەدیلی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا، بەڵام غازی كوردی ناتوانێت ببێت بە جێگرەوەی غازی ڕووسیا".
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی كردەوە "غازی كوردی دەتوانێت هاوكاریی كوردستان بكات بۆ پێشکەوتن و دابینكردنی پێداویستییە ناوخۆییەكان و پاراستنى ژینگە، هەروەها دەكرێت هاوكاریی عێراقی پێ بكەین، بەر لەوەی هەناردەی دەرەوەی بكەین".
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەربارەی نەوتیش وتی "گومانی تێدا نییە كە نەوت شتێكە كۆتایی دێت، نەوت خەڵك و وڵاتان تەمەڵ دەكات".
"پێشتر بە نەوتیان دەوت دەردی هۆڵەندی، ئێستا دەردی كوردییە و چیتر دەردی هۆڵەندی نییە"، قوباد تاڵەبانی وای وت.