ناوەرۆكی سەردانەكەی سوودانی؛ جەخت لە 'چارەسەری دەستووری' بۆ کێشەکان دەكرێتەوە

12-04-2025 04:45

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانیدا، سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا جەخت لە "چارەسەری دەستوور"ـی كراوەتەوە. سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای "دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان" دەكات و سەرۆكی حكومەتی عێراقیش "قازانج بۆ هەموو عێراقییەكان" لە چارەسەری كێشەكاندا بە بنەما دەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 12-04-2025، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات كۆبووەوە. دوو ڕۆژ لەمەوبەریش لە بەغدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی كۆبووەوە.

سەردان و كۆبوونەوەكان لە كاتێكدان كە سەرباری هەمواركردنی یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، كێشەكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. ئەمریكاش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی، فشار دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پەیوەندییەکى تەلەفۆنیى لەگەڵ مەسرور بارزانى ئەنجام دا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەی نێوان سوودانی و مەسروور بارزانی، "هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان كردەوە".

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگیی كاركردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو پرس و دۆسیە هاوبەشەكان كرا".

سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لە نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەكانی بەردەم چارەسەری كێشەكان "بەگوێرەی دەستوور و یاسا" كردووەتەوە، كێشەكانیش بە شێوەیەك چارەسەر بكرێن كە "دادپەروەری و بەرژەوەندیی بۆ هەموو عێراقییەكان تێدا بێت".

هەر ئەمڕۆ سوودانی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەوە و بارەگای بارزانی تەنیا دەڵێت "پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، تەوەرێكی دیدارەكە بوو".

ڕۆژی 10-04-2025یش، بافڵ تاڵەبانی و سوودانی لە بەغدا كۆبوونەوە. سەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە "ڕێگە نەدات ململانێ سیاسییەكان ببنە بەربەست لەبەردەم ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان".

گفتوگۆ و كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی هەرێم و عێراق لە كاتێكدایە كە كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر نەكراوە و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن. ئیدارەی ترەمپیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی، لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك لەوبارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و عێراق گفتوگۆی كردووە.

دوێنێ‌ 11-04-2025، دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "هاوڕابووین لەسەر پێویستی و گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركی".

مەسروور بارزانی وتیشی "ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیی بەردەوامدا بین لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش".