ناوەرۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان؛ 'زۆر بەرهەمدار بوو'

11-04-2025 06:32

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئەردۆغان بە "زۆر بەرهەمدار" وەسف ‏دەكات، پرۆسەی ئاشتیش لە توركیا بە "دەرفەتێكی جیددی كە نابێت لەدەست ‏بدرێت" ناو دەهێنێت و لەوبارەیەوە ستایشی ڕۆڵی ئەردۆغان دەكات.‏

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 11-04-2025، لە چوارچێوەی بەشداریكردنیدا لە ‏كۆڕبەندی ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ڕەجەب ‏تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا كۆبووەوە.‏

سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا، باسیان لە گرنگیی ‏پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا ‏كرد و تیشكیان خستە سەر پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان. هەروەها جەختیان لەسەر ‏خواستی دوولایەنە بۆ فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان كردەوە، بە ‏شێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا بكات".‏

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، باسیان لە پرۆسەی ئاشتی و دوا كۆبوونەوەی ‏ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی كردووە. سەرۆكایەتیی هەرێم دەڵێت "سەرۆك ‏نێچیرڤان بارزانی، وێڕای ستایشی ڕۆڵی سەرۆك ئەردۆغان لەمبارەیەوە، ‏پرۆسەكەی بە مێژوویی لە قەڵەم دا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی ‏كوردستان بۆ هەر هاوكارییەك لەپێناو سەرخستنی پرۆسەكەدا، ئامادەیە".‏

سەرۆكی هەرێم، پرۆسەی ئاشتی بە "دەرفەتێك كە دەبێت هەمووان زۆر بە ‏جددی وەریبگرن و نابێت بە هیچ شێوەیەك لەدەست بدرێت" وەسف دەكات و ‏جەختی كردووەتەوە "بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە پەكەكە بەپیر ‏بانگەوازی بەڕێز ئۆجالانەوە بچێت و بە تەواوی پابەندی بێت".‌‏

هەر لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ‏تۆڕی ئێكس دەڵێت "لە ئەنتاڵیا، كۆبوونەوەیەكی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆك ‏ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو. جەختم لە گرنگیی كاراكردنەوەی پڕۆسەی ‏ئاشتی لە توركیا، وەك ڕێگەیەكی سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوام كردەوە".‏

‏"دووپاتم كردەوە كە پێویستە سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت و پەكەكەش بە ‏شێوەیەكی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەكەی بەڕێز ئۆجەلان بداتەوە. هەروەها باسی ‏كۆبوونەوەی ئەم دواییانەی سەرۆك ئەردۆغان و شاندی دەمپارتی و گرنگییەكەی ‏بۆ گفتوگۆ و ئاشتیم كرد"، سەرۆكی هەرێم وا دەڵێت.‏