ڕێكخراوی سی پی تی: سەربازانی تورك تەقە بە ڕووی گوندەكانی شیلادزێدا دەكەن

10-04-2025 04:17

پەرەگراف

ڕێكخراوی CPT بڵاوی كردەوە، لەگەڵ تۆپباران و بۆردومانكردنی چیای كوڕەژارۆ و گارا لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیاوە، شەوی ڕابردوو سەربازانی تورك تەقەیان بە ڕووی گوندەكانی شیلادزێدا كردووە و "فیشەك بەر ماڵی هاووڵاتییەك كەوتووە".

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی، بڵاوی كردەوە كە سەرەتا بۆردومانەكان لە كاتژمێر 10:36 خولەكی شەوی ڕابردوو ئەنجام دراون و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا "بە چڕی" بۆردوومانی چیای كوڕەژارۆیان لە شارەدێی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی ڕێكخراوی سی پی تی كە چاودێریی ناوچەكانی شەڕ دەكات، هەر شەوی ڕابردوو لە كاتژمێر 02:20 خولەك، "سەربازانی توركیا لە بارەگا سەربازییەكانیانەوە تەقەیان بە ڕووی گوندی بیریا شیخۆ لە دامێنی چی كوڕەژارۆدا كرد".

كامەران عوسمان دەڵێت "بەهۆی تەقەكانی سەربازانی توركیاوە فیشەكێك بەر ماڵی هاووڵاتییەكی مەدەنی بە ناوی (بەختیار محەمەد ڕەسووڵ) كەوتووە. ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و سەرجەمیان لە خەودا بوون كاتێك فیشەك لە شووشەی پەنجەرەكەیانەوە چووە ژوورەوە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆیش، لە كاتژمێر 10:15 خولەكدا، تۆپخانەكانی توركیا لە چیای مەتیناوە تۆپبارانی بەری نزاركێیان لە چیای گارا كردووە

سی پی تی دەڵێت "لە بۆردومانەكاندا هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەڵام هێرش و بۆردوومانەكان دڵەڕاوكێیان بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە".