قوباد تاڵەبانی: غازی كوردی ناتوانێت ببێت بە بەدیلی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا

10-04-2025 02:36

پەرەگراف

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هەموان لە ئەورووپا خۆشحاڵ دەبن كە غازی كوردی ببێت بە بەدیلی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا، بەڵام غازی كوردی ناتوانێت ببێت بە جێگرەوەی غازی ڕووسیا". دەربارەی نەوتیش دەڵێت "پێشتر بە نەوتیان دەوت دەردی هۆڵەندی، ئێستا دەردی كوردییە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كاتی بەشداری لە پانێڵێكی كۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە یۆنان، دەربارەی یەدەگی غازی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە "غازی كوردی دەتوانێت هاوكاریی كوردستان بكات بۆ پێشکەوتن و دابینكردنی پێداویستییە ناوخۆییەكان و پاراستنى ژینگە، هەروەها دەكرێت هاوكاریی عێراقی پێ‌ بكەین، بەر لەوەی هەناردەی دەرەوەی بكەین".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەربارەی نەوتیش وتی "گومانی تێدا نییە كە نەوت شتێكە كۆتایی دێت، نەوت خەڵك و وڵاتان تەمەڵ دەكات".

"پێشتر بە نەوتیان دەوت دەردی هۆڵەندی، ئێستا دەردی كوردییە و چیتر دەردی هۆڵەندی نییە"، قوباد تاڵەبانی وای وت.