پەرەگراف
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆنفرانسەکەی بزووتنەوەی گۆڕانی گردی زەرگەتەی ڕەت کردەوەو بەستنی کۆنفرانسەکەی سبەینێی گۆڕانی کوردساتیشی دواخست تاوەکو دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەکە.
سەرچاوەیەک لە گۆڕانی کوردسات بە پەرەگرافی وت، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن سێ بڕیاری لەسەر کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆران دەرکردووە، "یەکەمیان رەتکردنەوەی کۆنفرانسی رۆژی ٥ی ئەم مانگەی گردی زەرگەتەیە، دووەمیان کۆنفرانسی رۆژی ١٠ی ئەم مانگەی دواخست کە پێشتر کۆمسیۆن خۆی ئەو ڕۆژەی دیاری کردبوو، سێیەم بڕیار ئەوەی کە کۆمسیۆن خۆی وادەیەکی نوێ بۆ کۆنفرانس دەستنیشان دەکات".
پێشتر نوێنەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئامادەی کۆنفرانسەکەی گۆڕانی گردی زەرگەتە نەبوون کە تێیدا دەنگ بە ئەندامانی نوێی جڤاتی نیشتیمانی و دەستوری ناوخۆیی و بەرنامەی سیاسی درا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ گۆڕانی کوردسات بەستنی کۆنفرانسی دواخست کە بڕیاربوو سبەینێ بێت، دەڵێت، لەسەر بڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەو کاتێکی دیکە دیاری دەکرێت.
راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە(ئاڕاستەی کوردسات)
لەماوەی شەش مانگی ڕابردودا، لەژێر ڕۆشنایی فەرمان و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ هەنگاو بە هەنگاو ئامادەکاریمان بۆ گرێدانی کۆنفرانسی دامەزراندن کردوە.
لەسەر ئەو بنەمایە، دوای چەندین جار دواخستنی کاتی کۆنفرانس، ڕۆژی هەینی (٤ی ٤ی ٢٠٢٥) فەرمانی ژمارە (ش/ج/خ/٨٩٥ لە ٢٧ی٣ی٢٠٢٥)مان لە ڕێگەی ئۆفیسی سلێمانیەوە پێگەیشت، کە کۆمسیۆن خۆی فەرمانی دەرکرد تا (١٠ی ٤) کۆنفرانس ببەستین.
ئێمەش لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی کۆمسیۆن ئامادەی کاتی دیاریکراو (١٠ی ٤ی ٢٠٢٥) بوین، ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئەنجومەنی کۆمسیاران بە بڕیارێک گۆڕانکاری لە وادەی (١٠ی ٤) کردوە و کاتێکی دیکە دادەنرێت، بۆ ئەم هەنگاوەش پابەندی خۆمان بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەردەبڕین و چاوەڕێی کاتی نوێ دەکەین.
بزوتنەوەی گۆڕان
٩ی ٤ی ٢٠٢٥