پەرەگراف
مەسعود بارزانی داوا لە پارتی و یەكێتی دەكات "پەلە بكەن" لە پێكهێنانی حكومەت و دەڵێت "قەیرانی گەورە لە ناوچەكە و جیهان ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێوە بێت". بارزانی لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت "شەڕی گەورە لە ناوچەكە بەڕێوەیە".
لە وتارێكدا لە دوای كردنەوەی 17یەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، جارێكی دیكە داوای لە هەموو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كرد كە هەریەكەیان بەپێی قەبارەی خۆی بەشداریی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بكەن.
هاوكات بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە "بەرپرسیارێتیی هەرە گەورە"ـی پێكهێنانی حكومەت لە ئەستۆی پارتی و یەكێتیدایە و پەیامی ئاراستە كردن كە "پەلە بكەن لە دروستكردنی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
"تاوەكو ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە، دەبێت هەرچی زووترە كارەكانیان تەواو بكەن و كابینەكە دروست بكرێت، چونكە وەكو دەبینین دەوروبەری ئێمە و لە هەموو جیهانیشدا قەیرانی گەورە ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەتریش بەڕێگەوە"، سەرۆكی پارتی وای وت.
دەربارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند "دەبێت هەموو هێزەكان چ لە هەرێمی كوردستان و چ لە بەغدا، جورئەتی ئەوەیان هەبێت دان بە هەڵەكاندا بنێن و جارێكی دیكە لاپەڕەیەكی تازە بكەنەوە، بۆئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت".
بارزانی ئاماژەی بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە كرد و هۆشداریی دا لەبارەی مەترسییەكانی سەر عێراقیشەوە كە "شەڕی گەورە لە ناوچەكە ڕووی داوە و شەڕی گەورەیش بەڕێوەیە". وتیشی "ئێمە ئومێدەوارین هەرچی زووە ئەو شەڕانە كۆتاییان پێ بێت، ئێش و ئازاری ئەو خەڵكە تەواو ببێت، چ لە فەلەستین، چ لە لوبنان، چ لە هەر ناوچەیەكی دیكە بێت".
"لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە دەبێت ئەوانەی ئێستا لە بەغدا كاربەدەستن، بە هەموو توانایەك هەوڵ بدەن، عێراق تێكەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت"، مەسعود بارزانی وای وت.