ئاسایشی هەولێر: كۆمپانیاكانی فۆڕێكس و دراوی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین

08-04-2025 02:37

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێر ڕایگەیاند "مامەڵەكردن بە هەموو جۆرەكانی دراوی ئەلیكترۆنی و كانزایی كۆمپانیاكانی فۆرێكس و (USDT) لە هەرێمی كوردستان قەدەغەیە". دەشڵێت "كۆمپانیاكانی فۆڕێكس و دراوی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین".

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ 08-04-2025 بڵاوی كردووەتەوە، ئاسایشی گشتیی هەولێر دەڵێت "بەپێی بڕیار و ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو دراوانە ڕێگە‌پێدراو نین و هیچ یاسا و ڕێنماییەك بۆ ڕێكخستنیان نییە".

"ئەو كۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جیاجیا كاری فۆڕێكس و كردنەوەی خولی فێربوونی چۆنێتیی مامەڵەكردن و كڕینی دراوی ئەلیكترۆنی و كانزایی دەكەن، نایاسایین و ڕێگەپێدراو نین"، ئاسایشی هەولێر وا دەڵێت.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێر هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە "چەندین سكاڵای هاووڵاتییان و زەرەرمەندبوونیان لە ڕێگەی ئەو مامەڵانەوە" پێ‌ گەیشتووە. داوا لە هاووڵاتیانیش دەكات لەپێناو ئەوەی تووشی زیانی ماددی نەبن، دوور بكەونەوە لەم جۆرە مامەڵانە و "پارەكانیان بەفیڕۆ نەدەن بە پڕوپاگەندە و ڕیكلامی كۆمپانیا و پرۆژەكان هەڵنەخەڵەتێن".

هەروەها هۆشداری دەداتە ئەو "كەس و كۆمپانیا"یانەی مامەڵەی دراوی ئەلیكترۆنی دەكەن كە "لە ‌ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ڕیكلام بۆ كاری فۆڕێكس و دراوە كانزاییەكان نەكەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە".