جەلالی سام ئاغا سەرەخۆشی لە بەرهەم ساڵح دەکات بۆ کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس بەڵێن ساڵح

07-04-2025 06:49

پەرەگراف

جەلالی سام ئاغا پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح و خوشک و براکانی دەکات بەبۆنەی کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس بەڵێن ساڵحی برایان.

دەقی پرسەنامەکە

بەداخەوە بۆ مەرگی کاکە بەڵێن

لە دڵەوە زۆر غەمبار بووم بۆ کۆچی دوایی بەڵێن ساڵح رۆژنامەوان و میدیاکاری هەڵکەوتوو و دیاری کورد.

بەڵێن بە ئەندازەی قەڵەمەکەی و توانا میدیایی و رۆژنامەوانییەکانی لە دنیای کۆمەڵایەتیشدا پیاوێکی تایبەت و جیاواز و بە لوتف بوو، لە سەردانێکی ئەمریکادا کاتێک لە نزیکەوە بینیم ئەو هەستەم لا جێگیر بوو کە مرۆڤێکی پاک و لێهاتوو و بە توانایە.

پێشتر زۆر ڕاستی جوانم لەسەر کاکە بەڵێن ئەزانی دوای ئەوەی کۆچی دوایکرد و هەواری گواستەوە لای روناک خانی دایکی، زیاترم لەبارەوە بیست و خوێندەوە، بەڕاستی جێگای ڕێزە میدیاکارێکی دیاری وەک کاکە بەڵێن دوور لە حزب و دوور لە سیاسەت و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت وەک میدیاکارێک ژیانی رۆژانەی خۆی لە غەریبی و دوورە وڵاتی بەسەربرد و لە خزمەتی وشەی کوردی و دۆزی گەلەکەیدا درێغی نەکرد.

کاکە بەڵێن جوانیەکانی زۆر بوون ڕەنگە یەکێک لە جوانییە هەرە دیارەکانی دوور بونی بوبێت لە سیاسەت و حزبایەتی بەم مۆدێلە خراپەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

پرسە و سەرەخۆشی دووبارەم بۆ جەنابی کاک دکتۆر بەرهەم  ساڵح و کاک بەتین و خوشک و کەسوکاری هەیە، نزای سەبوری و ئارامی بۆ هاوسەر و مناڵەکانی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمی دۆست و هاورێکانی ئەزانم.

رۆحی کاکە بەڵێن شاد بێت، دڵنیام لەودنیا میوانێکی رۆح سوک و ئازیزی ڕووناک خانی دایکییەتی، گۆڕی پڕ بێت لە نوور و یاد و یادەوەری هەروا پاک و ئاوەدان و جوان بێت.

جەلالی عومەری سام ئاغا