سەرچاوەیەك بۆ پەرەگراف: ڕێككەوتووین لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بە بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە
پەرەگراف
فراكسیۆنە كوردستانی و سوننە و شیعەكانی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە سبەینێدا "ڕێككەوتوون"، بەڵام هێشتا كارنامەی كۆبوونەوەكە بڵاو نەكراوەتەوە. فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەبێ بڕگەی دەنگدان لەسەر بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە، بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن.
سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "وەكوو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، لەگەڵ شیعە و سوننە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش ڕێككەوتووین كە ڕۆژی سێشەممە 08-04-2025 كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا كارنامەی كۆبوونەوەكە بڵاو نەكراوەتەوە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین كە بڕگەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لە كۆبوونەوەكەدا هەبێت، هەروەها پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە كارنامەكەدا نەبێت و پرسی هەڵەبجە بە هیچ پرۆژەیەكی دیكەوە نەبەسترێتەوە".
سەرچاوەیەكەی پەرەگراف ئاماژەی بەوەش كرد "گرەنتی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە نییە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا فراكسیۆنە كوردستانییەكان بڕیاریان داوە تا پرۆژەیاسای بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە نەخرێتە كارنامەوە، بەشداریی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ناكەن".
بڕیار بوو لە كۆبوونەوەی شەوی 25-03-2025ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام زۆرینەى فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد و ئامادە نەبوون دەنگ بە پرۆژەكە بدەن، هەرچەندە دانیشتنەکە بۆ شەوی دواتریش دواخرا و بڕگەى خوێندنەوەى دووەم بۆ پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى بۆ دانیشتنەکە زیاد کرا، بەڵام دیسان كۆبوونەوە نەكرا.
ئەكات لەدوای شكستهێنانی دانیشتنی شەوی 25ـی مانگ، سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "زۆرینەى پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانى شیعە و سوننە لەوانە فراکسیۆنى تەقەدومى حەلبووسى، دەوڵەتى یاساى مالیکى، کوتلەکانى عەمار حەکیم و هادى عامرى نەهاتنە کۆبوونەوەکە، بۆیە ڕێژەى یاسایى بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە تەواو نەبوو و دواخرا".
سۆران عومەر وتیشى "هەموو ئەو لێدوان و سەردانانەى سەبارەت بە هەرێم هەیانە و دەڵێن دۆستى کوردن، هیچى ڕاست نییە، ڕاستگۆیش نین دەربارەى بەڵێنەکانیان، چونکە دەیان جار بەڵێنیان داوە دەنگ بە پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە بدەن و کە دێتە سەر واقیع ڕاست ناکەن".