یوسف زێدان: سەلاحەدینی ئەیوبی کورد نییە، تەنیا هێمایە بۆ ئەوانەی بازرگانی بە ڕزگارکردنی قودسەوە دەکەن

06-04-2025 07:45

پەرەگراف

یوسف زێدان، نووسەری میسری، سوورە لەسەر ئەو بۆچوونەی خۆی کە پێی وایە "سەلاحەدینی ئەیوبی کورد نییە" و بە "هێمای وەهمی کوردی" ناوی دەبات. دەشڵێت "تەنیا هێمایە بۆ ئەوانەی بازرگانی بە پرسی ڕزگارکردنی قودسەوە دەکەن".

ئەو نووسەرە عەرەبە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەڵێت "بەڵێنم بە برا و هاوڕێ کوردە عێراقییەکانم دابوو، بەشداری لە چالاکییەکانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بکەم و سیمینارێک پێشکەش بە ناونیشانی (چاوخشاندنەوە بە مێژوو، گرنگی و مەترسییەکان) پێشکەش بکەم".

یوسف زێدان سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات لەو هەڵمەتەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دژی هاتنی بۆ هەولێر سەری هەڵداوە و بە "چالاکیی کۆمەڵێک لە پاشماوەکانی ئیخوان موسلمین و ئەوانەی پشتیوانییان دەکردن" ناوی دەبات.

بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە، نووسەرە میسرییەکە بڕیاری داوە سەردانەکەی بۆ هەولێر هەڵبووەشێنێتەوە و دەڵێت "ئەو هەڵمەتە تووندە وای کرد پێویست بکات حکومەتی ئەوێ، ڕێوشوێنی ئەمنی بگرێتە بەر، کە من ئەوەم بە ناتەبا لەگەڵ سروشتی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان و کەشی پێشانگای کتێبدا دەبینی".

نکوڵیکردنی نووسەرە میسرییەکە لە کوردبوونی سەلاحەدینی ئەیوبی، هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی بانگهێشتکردنی بۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایی فراوانی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوادا هات.