بە پاساوی بوونی 'گەندەڵی' بەڕێوەبەری بەشەكانی فەرمانگە ناحكومییەكان دەستیان لەكار كێشایەوە
پەرەگراف
سەرجەم بەڕێوەبەری بەشەكانی فەرمانگە ناحكومییەكان دەستلەكاركێشانەوەیان لە پۆستەكانیان ڕاگەیاند و فەلاح حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەكە ئەنجامدانی "چەندین پێشێلكاریی یاسایی گەورە" تۆمەتبار دەكەن. دەشلێن "گەندەڵی دارایی و بەهەدەردانی سامانی گشتی" لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكاندا هەیە.
ئەو بەڕێوەبەرانە كە ژمارەیان شەش كەسە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "سەرۆكی فەرمانگە و جێگرەكەی مانگانە لە كۆی 60 ملیۆن دینار لە پارەی پێشینەی فەرمانگەكەمان، چەندین ملیۆن دۆلار بەدەهەر دەدەن، بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگە و پسووڵەیەكی یاسایی".
هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەكەیان تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە تا ئێستا "نەیهێشتووە بەدواداچوون بۆ كاری هیچ ڕێكخراوێك بكرێت، بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوونی سڕ كردووە و ڕاپۆرتی دارایی ساڵانەی ڕێكخراوەكانی وەرنەگرتووە". دەشڵێن "ئەمە وای كردووە چەندین ملیۆن دۆلار پارە لە هەرێم سپی بكرێتەوە و پارەداركردنی تیرۆر ئەنجام بدرێت".