کۆبوونەوەیەکى دیکە لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم بەڕێوە دەچێت

06-04-2025 12:19

پەرەگراف

دوای چەندین كۆبوونەوەی بێ‌ ئەنجام، جارێكی دیكە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) كۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆ و گەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە زیاتر لە دوو ساڵە ڕاگیراوە.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، بە میدیای پارتیی ڕاگەیاندووە، كۆبوونەوەكە لەم هەفتەیەدا و بە بەشداریی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بەڕێوە دەچێت.

كۆبوونەوەكە پاش ئەوە دێت كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر وەزارەتی نەوتی عێراق داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی كرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان (ئەپیكور)یشی بە "چەواشەكار" ناو برد.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند، هەنگاوی جیددییان ناوە بۆ پێشاندانی نیازپاكی لە دانوستاندنەكان بە مەبەستی گەرەنتیكردنی هەناردەكردنەوەی نەوت. جەختیشی كردەوە "داواكاریی ناواقیعی و دەرەوەی چوارچێوە یاساییەكان، گەیشتن بە ڕێككەوتن پەك دەخات".

وەزارەتی نەوت دەشڵێت، بە بەیاننامەی ئەپیكور لە 28ی ئازاری 2025 كە تێیدا بانگەشەی ئەوە كراوە وەزارەتی نەوت ئامادە نەبووە خۆی دانوستان لەسەر چارەسەرێك بكات كە پابەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوت، "ناڕاست و چەواشەكارانەیە".

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) كە ئەو كۆمپانیانەوتییانەن لە هەرێم كار دەكەن، لە 18ـی ئازار ڕاگەیەندراوێكی دژی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، ئامادە نییە دەست بە ھەناردەكردنەوەی نەوت بكات، ھەتا ئەو كاتەی پابەندبوونێك لە حكومەتی عێراقەوە نەبێت كە تێیدا ڕێز لە گرێبەستەكانیان بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوازی وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە ڕابردوو و بۆ داھاتووش.

ئەپیكور دەشڵێت، ئەوان لەگەڵ حكومەتی ھەرێم بە نیازێكی پاكەوە دەستیان بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ حكومەتی عێراق و نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێك بۆ دەستپێكردنەوەی ھەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق-توركیا، بەشێوەیەك ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ ڕێككەوتنە یاساییەكانیان و بودجەی عێراق.