پەرەگراف
وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتى هەرێم سکاڵایەکى یاسایى لە کۆمپانیاى گەنێل ئینێرجی بردووەتەوە و دەبێت کۆمپانیاکە بڕى نزیکەى ٢٧ ملیۆن دۆلار قەرەبوو بە حکومەتى هەرێم بدات.
وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی ناوبژیوانی دژی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد (GEMBBL)، قەرەبوی بەرچاوی تێچووی یاسایی دەکرێت".
سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی دێت لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دا، کە تێیدا دادگاکە بڕیاری دا "حکومەت بە شێوەیەکی ڕەوا PSCـى بینا باوی و میرانی هەڵوەشاندەوە و هەموو داواکارییەکانی کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەدی لە دژی حکومەت ڕەت کردەوە".
لە 4ی نیسانی 2025، دادگای ناوبژیوانی بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە تێچوونەکان دەرکرد، کە وەکوو سامانە سروشتییەکان دەڵێت "تێیدا بڕیاری دا کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی میران بینا باوی لیمیتەد بڕی 26,868,905.29$ (٢٦ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار و ٩٠٥ دۆلاری ئەمریکی) بدات بە حکومەتى هەرێم، لەگەڵ سوودی دوای بڕیارەکە".