قوباد تاڵەبانی: بە توانای خۆماڵی سیستمی بایۆمەتریمان داهێنا

06-04-2025 08:46

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: بە توانای خۆماڵی سیستمی بایۆمەتریمان داهێنا کە بەبێ ئەو سیستمە ئێستا بەغداد مووچەی نەدەنارد.

ئەو وتانەی جێگری سەرۆکوەزیران لەمیانی وتەیەکیدا بوو لە دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کارسازی و داهێنان کە ئەمڕۆ لە سلێمانی دەستی پێکرد.

قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی بۆ بیرۆکەی داهێنەرانە دووپاتکردەوەو بە گرنگییەوە باسی لە داهێنان کرد، نمونەی ئەوەی هێنایەوە کە دوای ساڵی 2014 و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێم، حکومەت لیستی مووچەی نەبووەو نەیزانیوە مووچە بە کێ دەدات.

تاڵەبانی وتی "لە شەش مانگدا توانیمان ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەر لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار بکەین بە توانای خۆماڵی و سودوەرگرتن لە کۆمپانیاکانی ئایتیی خۆماڵی، ئێستا بەرهەمەکەی دەبینین ئەگەر ئەو سیستمە نەبوایە بەغداد متمانەی بە لیستی مووچە نەدەکردو مووچەی نەدەنارد، ئەمە داهێنان بوو".

جێگری سەرۆکوەزیران وتیشی "بەردەوام دەبین لە چاکسازی و بە دیجیتاڵکردنی حکومەت".

کۆڕبەندەکە پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدارن تێیداو بیرۆکەی داهێنەرانەی نوێ لەلایەن گەنجان و کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاکانی تەکنەلۆژیا، ژینگە، پیشەسازی و ئابووری دەخرێنە ڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.