دوای ٨ ساڵ، پارتی بارەگای مەکتەب ڕێکخستنی لە کەرکوک کردەوە

05-04-2025 10:47

پەرەگراف

دوای ٨ ساڵ، ئەمڕۆ پارتی بارەگای مەکتەب ڕێکخستنی لە کەرکوک کردەوەو دەڵێت: نابینە سەر ئێشە بۆ هیچ لایەک.

هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك - گەرمیانی پارتی، لە مەراسیمی کردنەوەی بارەگای حیزبەکەی، وتی "دۆخەكە زۆر هەستیارە، دڵنیابن بەشێك دەبین لە چارەسەری كێشەكان و سەرئێشە نابین بۆ هیچ كەسێك".

دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە سوپای عێراق گەڕایەوە کەرکوک، پارتی ئەو شارەی بەجێهێشت.

ئەو حیزبە لە 5ی تشرینی یەكەمی 2023دا گەڕایەوە بۆ کەرکوک و بارەگای لقی سێی حیزبەکەی کردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە توانی دوو کورسی لە کۆی 16 کورسی لە پارێزگای کەرکوک بەدەستبهێنێت.