پەرەگراف
قائیمقاى سلێمانى ڕایگەیاند، لە ئاگرکەوتنەوەکەى بازاڕى دارەسووتاوەکەدا زیاتر لە ١٥٠ دوکان سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە. دەشڵێت "زیانەکان دەخەمڵێنین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەى خاوەنى دوکانەکان".
بەیانیى ئەمڕۆ ئاگر لە بازاڕى دارەسووتاوەکەى شارى سلێمانى کەوتەوە و بەهۆى تەشەنەسەندنى ئاگرەکە لە ماوەیەکە کەمدا، دەیان دووکان سووتان و زیانى ماددیى گەورەى لێ کەوتەوە.
هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگارى سلێمانى، سەردانى شوێنی ڕووداوەکەى کرد و ڕایگەیاند، ئاگرەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ "لە بەشێک لە بازاڕ و دوکانەکانی مەزادخانەکەی سەرەوە (دارە سووتاوەکە) کەوتەوە و بەبێ هیچ زیانێکی گیانی کۆنترۆڵ کرا".
دواتریش ئاوات محەمەد، قائیمقامى سلێمانى، سەردانى بازاڕەکەى کرد و بۆ میدیاکان وتى "تا ئێستا نازانین ئاگرەکە لە ئەنجامى چییەوە دروست بووە".
ئاوات محەمەد وتیشى "لە سبەینێوە لە ڕێگەى بەرگریى شارستانییەوە لیژنە دروست دەکرێت بۆ خەمڵاندنى زەرەر و زیانەکان. بە نووسراویش لەگەڵ سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدا دەبین بۆ قەرەبووکردنەوەى و هاوکاریکردنى خاوەنى دوکانەکان".
وەکوو قائیمقامى سلێمانى ئاماژەى پێ دا، تیمەکانى بەرگریى شارستانى توانیویانە لە "ماوەیەکى كەم"دا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەگەرنا وەکو ئەو دەڵێت "ئاگرەکە زۆر لەوە گەورەتر دەبوو و زیانەکان زۆر زیاتر دەبوون".
سەبارەت بە نەگرتنەبەرى ڕێکارەکامى سەلامەتى بە باشى لە بازاڕەکەدا، ئاوات محەمەد وتى "دوکاندار و خاوەنى بازاڕەکانیش بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنى ڕێکارەکانى سەلامەتى، ئێمەش بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنى ڕێوشوێنەکانى سەلامەتى".
بازاڕى دارە سووتاوەکە یەکێکە لە بازاڕە کۆنەکانى شارى سلێمانى. بازاڕێکى گەورە و قەرەباڵغ و هەمەجۆرە و دەکەوێتە ناوەندى شارەکەوە.