وەزارەتی نەوتی عێراق داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
پەرەگراف
وەزارەتى نەوتى عێراق کۆمپانیا نەوتییەکان(ئەپیکور) بە "چەواشەکار" ناودەبات و داوای کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتى نەوتى عێراق ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەڵێت، هەنگاوی جیددییان ناوە بۆ پێشاندانى نیازپاکى لە دانوستاندنەکان بە مەبەستی گەرەنتیکردنی هەناردەکردنەوەى نەوت، دەشڵێت "داواکاریی ناواقیعی و دەرەوەى چوارچێوە یاساییەکان، گەیشتن بە رێککەوتن پەکدەخات. گەیشتن بە رێککەوتن رێگری لە فرۆشتنی نایاسایی نەوت دەکات".
وەزارەتی نەوت دەشڵێت، بە بەیاننامەی ئەپیكور لە 28ی ئازاری 2025 كە تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە وەزارەتی نەوت ئامادە نەبووە خۆی دانوستان لەسەر چارەسەرێک بكات كە پابەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوت، "بەداخە بڵاوكردنەوەی ئەم بەیاننامە هەڵەو چەواشەكارانەیە".
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) کە ئەو کۆمپانیانەوتییانەن کە لە هەرێم کاردەکەن، لە 18ی ئازار ڕاگەیەندراوێکی دژی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاو کردەوەو دەڵێن، ئامادەنین دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، ھەتا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکومەتی عێراقەوە نەبێت کە تێیدا ڕێز لە گرێبەستەکانیان بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوازی وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و بۆداھاتووش.
ئەپیکور دەشڵێت، ئەوان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق و نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانیان و بوودجەی عێراق.
"ئەمڕۆ بۆمان روونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوەیاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت. "ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق قبوڵکراو نین" ئەپیکور وای وت.