وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتییەکان: دانەگاز چاکسازی لە کێڵگەی کۆڕمۆر دەکات و هاوین کارەبا زیاد دەکات
پەرەگراف
هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن "بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هاتنی وەرزی هاوین، کۆمپانیای (دانەگاز) پڕۆسەی سازدانەوە و چاکسازی لە کێڵگەی کۆڕمۆر ئەنجام دەدات".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پرۆسەکە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات و سێ هەفتە دەخایەنێت.
هەریەک لە وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیای (دانەگاز) "هەماهەنگیی نزیکیان دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت".
وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتییەکان دەڵێن "چاوەڕوان دەکرێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، ئاستی خزمەتگوزاریی کارەبا لە وەرزی هاویندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە".
ڕاگەیەندراوەکەى هەردوو وەزارەتى کارەبا و سامانە سروشتییەکان پاش ئەوە هات کە ئەمڕۆ کۆمپانیاکانی دانەگاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم کە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان دەکەن، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 525 ملیۆن پێی سێجا ڕاگەیاند.
کۆمپانیاکان دەڵێن، لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنان، ئەوەش بە "دەستکەوتێکی گرنگ" ناو دەبەن کە بەراورد بە ساڵی 2017 ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 75٪ بەرز بووتەوە.
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندێنسەیت لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 15 هەزار و 200 بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبووەتەوەو، ڕۆژانەش 1070 تۆن گازی شلی (ئێڵ پی جی) بەرهەمدەهێنن.
بەپێێ ڕاگەیەندراوی دانەگاز، تائێستا زیاتر لە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە بووەتە هۆی ڕەخساندنی 20 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
کۆمپانیاکە ئەوەش دەخاتە ڕوو، پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر، کە بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 50٪ بەرز بکاتەوە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکەن لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتودا تەواو بکرێت.
کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانە. دانەگاز کە کار لە کۆرمۆر دەکات، 250 ملیۆن دۆلار قەرزی لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا وەرگرتووە بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەکە.
کۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەر و ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون. ڕۆژی 26-4-2024 بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکە و بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا کە یەمەنی بوون.
کۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.