کۆمپانیای دانەگاز: بەرهەمهێنانی گازی سروشتیمان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 525 ملیۆن پێی سێجا بەرزکردووەتەوە
پەرەگراف
کۆمپانیای دانەگازو کرێسێنت پێترۆلیۆم کە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان دەکەن، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 525 ملیۆن پێی سێجا ڕاگەیاند.
کۆمپانیاکە دەڵێت، لەسەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنان، ئەوەش بە "دەستکەوتێکی گرنگ" ناودەبەن کە بەراورد بە ساڵی 2017 ئاستی بەرهەمهێنان بە رێژەی 75٪ بەرزبووتەوە.
هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کۆندێنسەیت لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 15 هەزار و 200 بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوەو، رۆژانەش 1070 تۆن گازی شلی (ئێڵ پی جی) بەرهەمدەهێنن.
بەپێێ ڕاگەیەندراوی دانەگاز، تائێستا زیاتر لە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە بووەتە هۆی رەخساندنی 20 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.
کۆمپانیاکە ئەوەش دەخاتەڕوو، پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆر، کە بڕیارە ئاستی بەرهەمهێنان بەڕێژەی 50٪ بەرزبکاتەوە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو پێشبینی دەکەن لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتودا تەواو بکرێت.
کۆرمۆر کە گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانە. دانەگاز کە کار لە کۆرمۆر دەکات، 250 ملیۆن دۆلار قەرزی لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا وەرگرتووە بۆ فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەکە.
کۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون، ڕۆژی 26-4-2024 بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا کە یەمەنی بوون.
کۆرمۆر گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.