سەرۆكایەتیی هەرێم: بەدواداچوون بۆ هێرشە تاوانكارییەكەی دهۆك دەكەین

02-04-2025 05:54

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە نزیكەوە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستاندا بەدواداچوون بۆ ئەو "هێرشە تاوانكارییە" دەكات كە تێیدا لە دهۆك كۆمەڵێك لە جەژنگێڕانی ئەكیتۆ لە هاووڵاتییانی مەسیحی بە ئامانج گیران.

سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ "بە توندی" سەركۆنەكردنی تاوانەكە، دەشڵێت "هەموو كوردستانییان دڵنیا دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە نیشتمانی پێكەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری بۆ هەموو پێكهاتەكانی دەمێنێتەوە".

"بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە تێكدانی كولتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی نادرێت، تاوانكاریش بە سزای یاسایی خۆی دەگات"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

ڕۆژی سێشەممە 01-04-2025، لە ئاهەنگی یادكردنەوەی جەژنی ئەكیتۆ (سەری ساڵی بابلی - ئاشوورییەكان)، لە دهۆك كەسێك بە چەقۆ هێرشی كردە سەر ژنێك و گەنجێك و هەردووكیانی بریندار كرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند "كەسێكی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش، بە ئامێرێكی تیژەوە لە ناوبازاڕ هێرشی كردە سەر هاووڵاتییان و دوو كەسی بریندار كرد".

ئەنجومەنی ئاسایش دەستگیركردنی دەستبەجێی تۆمەتبارەكەی لەلایەن هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆكەوە ڕاگەیاند. دەشڵێت "كەسی هێرشبەر خەڵكی سووریایە. لێكۆڵینەوە لەسەر بابەتەكە بەردەوامە و لە دوای كۆتاییهاتنی، دەرەنجامەكان بۆ هاووڵاتییان و ڕایگشتی ڕادەگەیەنین".