پەرەگراف
لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی قادری حاجی عەلیدا، عوسمانی حاجی مەحمود هاوڕێو هاوخەباتی ڕایگەیاند، ئەوانەی هاوسەنگەری ئەو بوون سورئەبن لەسەر ئەو ڕێگایەی قادری حاجی عەلی هەموو گەنجێتیی لەپێناودا كردە قوربانی و بەدرێژایی تەمەنی لەوپێناوەدا تێكۆشا بە ئومێدی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی.
ئەمڕۆ لە گۆڕستانی ئابڵاخ لە سلێمانی تەرمی كەسایەتی دیاری سیاسیی، قادری حاجی عەلی بەخاك سپێردرا، لە مەراسیمەكەدا عوسمانی حاجی مەحمود وتاری هاوڕێیانی قادری حاجی عەلی خوێندەوە.
لە وتارەكەیدا عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بە ڕۆڵو پێگەی قادری حاجی عەلی كرد لە خەباتی گەلی كوردداو ئەو ئەركو لێپرسراوێتییانەی هەیبووە، پاشان تیشكی خستەسەر قۆناغی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانو خەباتی قادری حاجی عەلی لەو بزووتنەوەیەدا.
عوسمانی حاجی مەحمود وتی "دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، قادری حاجی عەلی و هاوڕێكانی بە هەمو هێزو توانا و ئەزمونی خۆیانەوە شانیاندایە بەر بزوتنەوەی گۆڕان و درێژەیان دا بە هەوڵەكانیان تا بزوتنەوەكە لەو پرەنسیپ و ئامانجانەی كە لەپێناویدا دامەزرابوو بەردەوام بێت، بەڵام دوای نائومێدبونیان، بێ ململانێكردن و كۆسپ و تەگەرە درووستكردن بزوتنەوەكەیان جێهێشت و وەك كارەكتەری سەربەخۆ مانەوە، كە ئەوەش شێوازێكی نوێ بوو بۆ دەستبەرداربوون لە ململانێ و ناكۆكی ناو حزب".
عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەش كرد، لە سەردەمی نەوشیروان مستەفاشدا چەندین جار قادری حاجی عەلی لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیدا هەڵوێستیان ڕاگەیاند و كاركردنی خۆیان هەڵپەسارد، هەر لەو پێناوەشدا خۆی و هاوڕێكانی روبەڕوی چەندین ئاستەنگ و بەربەست بونەوە.
قادری حاجی عەلی، تەمەن 65 ساڵ، یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانو ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، 2 ساڵە بەهۆی نیگەرانیەكانییەوە لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمودو چەند بەرپرسێكی دیكەی گۆڕاندا وازیان لەو بزووتنەوەیە هێناوەو وەك كەسایەتیی سەربەخۆ ماونەتەوە.
قادری حاجی عەلی ماوەیەك بوو بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەژێر چاودێریی چڕدابوو لە نەخۆشخانە، بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی بۆ پەرەگراف، ڤایرۆسەكە كاریگەری خراپی لەسەر سییەكانو گورچیلەی دروست كردبوو، نزیكەی دوو هەفتەیە پزیشكەكان بێهیوابوون لە چارەسەركردنیو هەربەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە دوێنێ گیانی لەدەستدا.
هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمی ناشتنەكەیدا لە سلێمانی، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی كورد، لەناو پەرلەمان پرسەیان بۆ كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی دانا.
لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی قادری حاجی عەلیدا، حیزبو لایەنەكان وتاریان خوێندەوەو تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕەكەی دانا.
عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمیی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتارەكەیدا، قادر حاجی عەلی بە جەنگاوەری چاكسازی و دادپەروەری وەسف كردو وتی "با بەرەی چاكسازی و مرۆڤ دۆستی و ئەو بەرەیەی كە دەیەوێت سیستم لە كوردستان بەرقەرار بێت، بە یادی كاك نەوشیروان و قادری حاجی عەلی و هەموو ئەو جوامێرانەی بەجێیان هێشتوین، بیرلەوە بكەینەوە كە پێكهێنانی بەرەیەكی گەورەی چاكسازی لەپێناوی بەدیهێنانی ئاواتەكانی ئەواندا لەئایندەیەكی نزیكدا بكەینە سەر مەشقی كاری داهاتوومان".
دوێنێ دوای كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پرسەنامەیەكدا ڕایگەیاند، پرسەیەكی سەرتاسەری بۆماوەی سێ ڕۆژ لە دڵ و دەرون و ماڵ و ویژدان و كۆڕی ئازیزاندا ڕادەگەیەنین.
دەربارەی قادری حاجی عەلی
- لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایكبووە
- كۆلێژی جیۆلۆجی تەواوكردووە
- ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە
- لە تەمەنی 29 ساڵی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی ڕەنجەدەرانی كوردستان
- ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەكێتی دامەزراندووە
- ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە
- ساڵانی 1998 بۆ 2000 كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە
- ساڵی 2006 هاوشانی نەوشیروان مستەفا لە بەرەی ڕیفۆرمی سیاسی بووەو یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە
- ساڵی 2018 بەهۆی نیگەرانیەكانییەوە وازی لە گۆڕان هێناو وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ مایەوە
- 2020-11-10 بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا