کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان هۆشداری دەدات: 20 ساڵی دیکە لەهەر 20 منداڵێک یەکێکیان ئۆتیزمی دەبێت

02-04-2025 11:13

پەرەگراف

تووشبوون بە نەخۆشیی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایەو سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت، لە هەر ٩٠ منداڵێک کە لەدایکدەبێت یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠٠٨ لەهەر ١٥٠ منداڵ یەکێکیان ئۆتیزمی هەبووە لەکاتی لەدایکبوون.

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزمە، کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ٣ هەزارو ٩٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لە کوردستان هەن، وتیشی "هۆشداری دەدەم کە دوای 20 ساڵی دیکە لە هەر 20 منداڵێک لە کاتی لەدایکبوون، یەکێکیان ئۆتیزمی دەبێت و بەوەش هەر ماڵێک منداڵێکی ئۆتیزمی تێدا دەبێت".

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم ئەوەشی خستەڕوو، لەسەدا ١١ی منداڵانی ئۆتیزم مووچەی مانگانەیان هەیە کە مانگی ١٥٠ هەزار دینارە، هەروەها تەنها لەسەدا ١٢ی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەرە حکومەییەکان سوودمەندن، لەسەدا ٤٠ی ئەو خێزانانەیشی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە هەژارن.

کەمال جەباری داوای لە حکومەت دەکات بڕیارێک دەربکات بۆ ئەوەی خێزانی منداڵە ئۆتیزمەکان لە کرێی ئاو و کارەباو قەرزی خانووبەرە و هاوسەرگیری ببەخشرێن.

 سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، ڕەخنەی ئەوەشی گرت کە ئۆتیزم لە کوردستان فەرامۆش کراوە و باری ماددی و مەعنەوی ئەو خێزانانە لەبەرچاو نەگیراوە کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، ١٠ سەنتەری حکومی و ٣٩ سەنتەری ناحکومی لە هەرێمی کوردستان هەن تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم.