سوودانی و ئەحمەد شەرع بۆیەکەمجار بە تەلەفۆن قسەیان کرد

01-04-2025 11:16

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆیەکەمجار بە تەلەفۆن قسەیان کرد، سوودانی پشتیوانی عێراقی بۆ بژاردەکانی گەلی سوریا دوپاتکردوەتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سودانی دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پیرۆزبایی جەژنیان لە یەکتر کردووە، هاوکات سوودانی پیرۆزبایی لە سووریا کردووە بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردنی بژاردەکانی گەلی سووریا. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردوەتەوە کە پێویستە پڕۆسەی سیاسی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی سووریا لەخۆبگرێت و ببێتە مایەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەپێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ سووریا و هەموو ناوچەکە، هەروەها پشتیوانیی عێراقی بۆ یەکپارچەیی سەروەریی خاکی سووریا دووپاتکردووەتەوە.

مەترسییەکانی رێکخراوی داعش و پەرەپێدانی هاوکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات بەشێکی دیکە بووە لە گفتوگۆکانیان.