پەرەگراف
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنن، لەئەنجامی سەردان و بەداچونەکانیان بۆ چێشتخانە و ریستۆرانت و ئەوشوێنانەی گەشتیاران روی تێدەکەن، بۆیان دەرکەوتوە سلێمانی خاوێنترین شاری عێراقە.
ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لەدرێژەی سەردان و بەدواداچونەکانی لیژنەکان لەمانگی رەمەزان و رۆژانی جەژن بۆ چێشتخانە و ریستۆرانت و هەمو ئەوشوێنانەی گەشتیاران و میوانەکانی شاری سلێمانی روی تێدەکەن، "پابەندی سەرجەم مەرجەکانی کارکردنن و لە شوێنەکانیان سەرپێچییەک تۆمارنەکراوە پەیوەندی بەرێنماییەکانی تەندروستییەوە هەبێت".
دەشڵێت "لیژنە هاوبەشەکان دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو شوێنانە دەکات و هیوادارن کە هەمیشە پابەندی مەرجەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەکانی دیکەی کارکردن بن، کە بەهاوکاری ئەوان ئێستا سلێمانی خاوێنترین شاری عێراق و هەرێمە".
نوێنەرەکەی تەندروستی لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی جەخت دەکاتەوە، ئامانجی سەرەکی پێکهێنانی لیژنەکان پابەندکردنی شوێنەکانە بەمەرج و رێنماییەکان نەک سزادان و زیان گەیاندن بەکار و بازاڕی هیچ شوێنێک.