پەرەگراف
خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای كوردستان ئەو حكومەتە نوێیەی ڕەت كردەوە كە دوێنێ لە دیمەشق لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە بەبێ كورد پێك هێنرا و دەڵێت "تا ئەندازەیەكی زۆر لە حكومەتی پێشوو دەچێت و ڕەچاوی فرەیی پێكهاتەكانی سووریای تێدا نەكراوە".
خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیی هەرێمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) ئێوارەی ئەمڕۆ 30-03-2025، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی ڕاگوزەری سووریا بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "ئەو حكومەتەی كە ئێوارەی شەممە 29ی ئادار لە دیمەشق ڕاگەیەندرا، لە ڕووی پشتگوێخستنی فرەیی سووریا و بەردەوامبوون لە قۆرغكردنی دەسەڵات لەلایەن یەك لایەنەوە و نەبوونی نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە و ڕاستەقینە بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریا، زۆر لە حكومەتی پێشوو دەچێت".
خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا ڕایشیدەگەیەنێت "ئەم سیاسەتانەی كە حكومەتی دیمەشق سوورە لەسەر پەیڕەوكردنیان، دەمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لە ڕووی قۆرغكردنی دەسەڵات لەلایەن یەك لایەنەوە و دوورخستنەوەی چین و پێكهاتە جیاوازەكانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ئامانجانەیە كە سووریاییەكان شۆڕشیان بۆ كرد و پێچەوانەی ئەو گۆڕانكارییەیە كە ئاواتیان پێوە دەخواست".
هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "هەر حكومەتێك گوزارشت لە فرەڕەنگی و فرەلایەنیی سووریا نەكات، ناتوانێت وڵات بە شێوەیەكی دروست بەڕێوە ببات و لە قەیرانەكان ڕزگاری بكات، بەڵكو قەیرانەكان قووڵتر دەكاتەوە".
"ئێمە پابەند نابین بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی، چونكە ئەم پێداگرییە لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی ڕابردوو، زیان بە سوورییەكان دەگەیەنێت و هەرگیز نابێتە هۆی دەستپێكردنی پرۆسەیەكی سیاسیی گشتگیر، كە بتوانێت چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان و قەیرانەكانی سووریا بكات"، خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتیی هەرێمی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) وا دەڵێت.
نوێ دەكرێتەوە...