پەرەگراف
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە پرسەنامەیەكدا بۆ كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی ڕایگەیاند، پرسەیەكی سەرتاسەری بۆماوەی سێ ڕۆژ لە دڵ و دەرون و ماڵ و ویژدان و كۆڕی ئازیزاندا ڕادەگەیەنین.
قادری حاجی عەلی كەسایەتی دیاری سیاسیی دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ كۆرۆنا، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانی لەدەستدا، بڕیارە سبەینێ تەرمەكەی لە گۆڕستانی ئابڵاخ لە سلێمانی بەخاك بسپێردرێت.
قادری حاجی عەلی، تەمەن 65 ساڵ، یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانو ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، 2 ساڵە بەهۆی نیگەرانیەكانییەوە وازی لە گۆڕان هێنابوو و وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ كاری دەكرد.
بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی بۆ پەرەگراف، ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری خراپی لەسەر سییەكانو گورچیلەی قادری حاجی عەلی دروست كردبوو، نزیكەی دوو هەفتەیە پزیشكەكان بێهیوابوون لە چارەسەركردنی.
بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا بۆ كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی دەڵێت "خوالێخۆشبو قادر حاجی عەلی، جگەلەوەی لە خەباتی چەكداری و لەناو كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەركردە و كەسایەتیەكی دیار بوە، لە كۆتایی (٢٠٠٦)یشدا هاوشانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بەرەی ریفۆرمی سیاسیی بوە. هەروەك لە دروستبونی یەكەمین ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەدرێژایی ئەو ماوەیەی كە كاری لەناو بزوتنەوەكەدا كردوە وەك سەركردەیەكی دیار بەوپەڕی تواناوە كاری بۆ سەرخستنی پەیامی سیاسیی و بەهێزكردنی بزوتنەوەكە كردوە".
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پرسەنامەیەكی بەوبۆنەیەوە بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە "كۆچی دوایی كاك قادری حاجی عەلی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و سەركردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە. كاك قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد. رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو".
هاوكات بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق، پرسەنامەیەكی ئاڕاستەی بنەماڵەی قادری حاجی عەلی كردو تێیدا دەڵێت "كاك قادر جگە لەوەی رۆڵەیەكی ناسراو و هەڵكەوتووی خانەوادەیەكی شۆڕشگێری سلێمانی بوو، سەركردەیەكی دیار و پێشمەرگەیەكی نەبەردی رۆژانی شۆڕش بوو رۆڵی لەخەباتی كوردایەتیدا بەرچاوە، ئەم رۆڵەشی هەروا بەدیاری دەمێنێتەوە. بۆیە كۆچی دوایی كاك قادر خەسارەتێكی گەوریە و جێگەی بەئاسانی پڕ نابێتەوە".
دەربارەی قادری حاجی عەلی
- لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایكبووە
- كۆلێژی جیۆلۆجی تەواوكردووە
- ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە
- لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەی ڕەنجەدەرانی كوردستان
- ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەكێتی دامەزراندووە
- ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە
- ساڵانی 1998 بۆ 2000 كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە
- ساڵی 2006 هاوشانی نەوشیروان مستەفا لە بەرەی ڕیفۆرمی سیاسی بووەو یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بووە
- ساڵی 2018 بەهۆی نیگەرانیەكانییەوە وازی لە گۆڕان هێناو وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ مایەوە
- 2020-11-10 بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا