ئەپیکور ڕاگەیەندراوێکی دژی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاو کردەوەو ئامادەنییە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکاتەوە
پەرەگراف
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور) کە ئەو کۆمپانیانەوتییانەن کە لە هەرێم کاردەکەن، ڕاگەیەندراوێکیان دژی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاو کردەوەو دەڵێن، ئامادەنین دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، ھەتا ئەوکاتەی پابەندبوونێک لە حکومەتی عێراقەوە نەبێت کە تێیدا ڕێز لە گرێبەستەکانیان بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندبوون و دڵنیایی ھەبێت لەبارەی شێوازی وەرگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، لە رابردوو و بۆداھاتووش.
ئەپیکور دەشڵێت، ئەوان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بە نیازێکی پاکەوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق و نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامانجی گەیشتن بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری عێراق-تورکیا، بەشێوەیەک ئەو بڕیارە ھاوتەریب و گونجاو بێت لەگەڵ رێککەوتنە یاساییەکانیان و بوودجەی عێراق.
"ئەمڕۆ بۆمان روونبووەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرێک بکات کە تێیدا رێز لە گرێبەستەکانی ئێمە بگرێت، ھەوڵدەدات پرۆسە و رێگەیەک بگرێتەبەر کە بەشێوەیەکی تاکلایەنە جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوەیاساییەکە و گرێبەستە بەرکارەکانمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنێت. "ئەم ھەنگاوانەی وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق قبوڵکراو نین" ئەپیکور وادەڵێت.