هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا دەستی پێكردەوە

07-11-2020 01:05
بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. وێنە؛ پەرەگراف/ خاكی هەرێمی كوردستان.

پەرەگراف

هەرێمی كوردستان دەستی كردەوە بە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، ئەوەش دوای هێرشكردنەسەر بۆری گواستنەوەی نەوتەكە لەلایەن پەكەكەوە كە بەهۆیەوە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ هەناردەی نەوت ڕاگیرا.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە تویتێكدا ڕایگەیاند، حكومەت دەستی بە هەناردەی نەوت كردەوە بە هەمان توانای پێشتر. بەبێ ئەوەی توانای پێشترو بڕی هەناردەی ڕۆژانە ئاشكرا بكات.

لەبارەی زیانی ڕۆژانەی ڕاگرتنی نەوت، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان پێشتر ڕایگەیاند، زیانی ڕۆژانەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان 10 ملیۆن دۆلارە. بەوپێیەش لەماوەی ئەو 10 ڕۆژەی هەناردە ڕاگیراوە هەرێمی كوردستان 100 ملیۆن دۆلار زیانی كردووە.

حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، 28ی مانگی ڕابردوو لە كردەوەیەكی "تیرۆرستیدا" بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم كراوەتە ئامانج‌و بووەتەھۆی وەستانی ھەناردەی نەوت.

ڕۆژێك پێش ئەو ڕاگەیەندراوەی حكومەتی هەرێم، بوو هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە- باڵی چەكداریی پەكەكە) ڕایگەیاند "هێزەكانمان لە بەرواری ٢٨ی تشرینی یەكەم لە كاتژمێر 13:00 لە دژی بۆری نەوتی بۆتاش لە هەرێمی باگۆكی سەر بە شاری مێردین چالاكیەكی سەركەوتوویان ئەنجامداوە. لەو چالاكیەدا بۆری نەوتەكە بە تەواوەتی لەناو چووە".

بۆری نەوتی بۆتاش هەمان ئەو بۆرییەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان لە خاكی توركیادا دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی.

هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو حكومەت پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی چەند ساڵێكە تێی كەوتووە، حكومەت ناتوانێت مانگانەو لەكاتی خۆیدا مووچەی تەواو دابەش بكات.